کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار

پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە بەغدا رایگەیاند، تاوەکو ئێستا 175 پەرلەمانتار خۆیان یەکلاکردووەتەوە کە بەشداریی کۆبوونەوەکەی پەرلەمان دەکەن، بۆیە ئەگەر دۆخەکە وابڕوت ئەستەمە دانیشتنەکە بەڕێوەبچێت.

26-03-2022

15:27

کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق و هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار دواخرا

 
رووداو دیجیتاڵ 

پەیامنێری رووداو لە بەغدا رایگەیاند، کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار دواخرا.
 
بەپێی راگەیێندراوێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ رۆژی دووشەممەی داهاتوو 28-3-2022 دواخرا و رۆژی چوارشەممەش 30-3-2022 بڕیارە کۆبوونەوەی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بەڕێوەبچێت.
 
هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە بەغدا گوتی، دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و پەرلەمانتان هۆڵی کۆبوونەوەکەیان جێهێشت، ئەوەش بەهۆی تەواونەبوونی رێژەی یاسایی پەرلەمانتاران لە دانیشتنەکەدا.
 
لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆدا 202 پەرلەمانتار ئامادە بوون، هەروەها 127 پەرلەمانتاریش بایکۆتی دانیشتنەکەیان کرد.
 
ئەو فراکسیۆن و هاوپەیمانییانەی کە بایکۆتی دانیشتنەکەیان کرد ژمارەیان 126 پەرلەمانتار بووە کە لەچەند فراکسیۆن و هاوپەیمانیی جیاواز و چەند پەرلەمانتارێکی سەربەخۆ پێکهاتبوون، ئەوان نووسراوێکیان ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق کرد و رایانگەیاند کە بەشداریی لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆ ناکەن. هەروەها پەرلەمانتارێکی دیکەش کە ناوی بڵاونەکراوەتە بایکۆتی دانیشتنەکەی کرد.
 
بەپێی نووسراوەکەی ئەو لایەنانە کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، هەریەکە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی 81 کورسی، یەکێتی نیشتمانیی کوردستان 18 کورسی، هاوپەیمانی عەزم 12 کورسی، ئیشراقەی کانوون 6 کورسی، یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان 4 کورسی، لەگەڵ چوار پەرلەمانتاری سەربەخۆ و پەرلەمانتارەکەی کۆمەڵی دادگەری بایکۆتی دانیشتنەکەیان کرد.
 
پەیامنێری رووداو باسی لەوە کرد، رۆژی دووشەممە کۆبوونەوەی ئاسایی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت و رۆژی چوارشەممەش کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بەڕێوەدەچێت.
زیاتر بخوێنەوە

14:01

بەربژێرێکی سەرۆککۆمار دەکشێتەوە و پشتیوانی لە رێبەر ئەحمەد دەکات

عەلی سنێد، یەکێک لە بەربژێرانی سەرۆککۆمار و هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو

رووداو دیجیتاڵ

بەربژێرێکی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق رایدەگەیێنێت، لەپرۆسەی خۆبەربژێرکردن کشاوەتەوە و پشتیوانی لە رێبەر ئەحمەد، بەربژێری هاوپەیمانی "رزگارکردنی نیشتمان" دەکات.
 
عەلی سنێد، یەکێک لە بەربژێرانی سەرۆککۆمار لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا کە لەگەڵ هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو دەردەکەوێت رایگەیاند، وەکو پاڵپشتییەک بۆ رێبەر ئەحمەد، بەربژێری هاوپەیمانیی "رزگارکردنی نیشتمان" خۆی کشاندووەتەوە و دەنگ بەو دەدات.
 
ئەو بەربژێرەی سەرۆککۆمار باس لەوە دەکات، "لێرەوە رایدەگەیێنم کە دەکشێمەوە و هیوادارم رێبەر ئەحمەد سەربکەوێت، وای دەبینم بەسەرکەوتنی ئەو بەربژێرە دۆخی عێراق سەقامگیر دەبێت."
 
عەلی سنێد، ئەو بەربژێرەی سەرۆککۆمار ئاماژە بەوەش دەکات، بڕوای وایە دانیشتنەکەی ئەمڕۆی پەرلەمان دەکرێت و وەکو خۆی دەڵێت، "بەربژێرەکەی سەرۆک بارزانی و موقتەدا سەدر سەردەکەوێت." 

 

زیاتر بخوێنەوە

13:50

دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و 202 پەرلەمانتار چونە نێو ھۆڵی کۆبوونەوە

کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق دەستیپێکرد



هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە بەغدا رایگەیاند، دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و 202 پەرلەمانتار چونە نێو ھۆڵی کۆبوونەوە.

زیاتر بخوێنەوە

12:44

تاوەکو ئێستا 196 پەرلەمانتار ئامادەن بەشداریی کۆبوونەوەکەی پەرلەمان بکەن

هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێریر رووداو لە بەغدا رایگەیاند، تاوەکو ئێستا 196 پەرلەمانتار ئامادەن بەشداریی کۆبوونەوەی پەرلەمان بکەن.
 
ئەوانەی دەیانەوێت بەشداریی کۆبوونەوەکە بکەن ئەمانەن:
 
- فراکسیۆنی سەدر 74
- هاوپەیمانیی سەروەریی 61 
- پارتی 31 
- نەوەی نوێ 9
- بزووتنەوەی ئیمتیداد 9
- تورکمانەکان 2
- سەربەخۆکان 10
 
کۆی گشتی: 196

 

زیاتر بخوێنەوە

12:21

هاوپەیمانیی لەپێناو خەڵک: مەرجەکانمان جێبەجێ بکرێن بەشداریی کۆبوونەوەکە دەکەین


رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە رۆژی شەممە 26-3-2022، کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بەڕێوەبچێت؛ لە فراکسیۆنە کوردستانییەکاندا کە خاوەنی 63 کورسیین ئەوەی روونبووەتەوە بەشداریی کۆبوونەوەکە دەکات تەنیا فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستانە.
 
هاوپەیمانیی "لەپێناو خەڵک" کە لە نەوەی نوێ و بزووتنەوەی ئیمتیداد پێکهاتووە 17 خاڵیان خستووەتەڕوو و داوای جێبەجێکردنیان دەکەن وەکو مەرج بۆ بەشداربوونیان لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پەرلەماندا.
 
لە فراکسیۆنە کوردستانییەکان ئەوەی روونبووەتەوە، یەکێتی نیشتمانی کوردستان 18 کورسی، یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان چوار کورسی و کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بە یەک کورسی رایانگەیاندووە بەشداری کۆبوونەوەکە ناکەن.
 
بۆ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق و هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، لە 329 ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەبێت 220 ئەندام ئامادەبن.
 
کۆبوونەوەکەی پەرلەمانی عێراق بە گوێرەی راگەیێندراوی پەرلەمان، یەک بڕگە لە خۆدەگرێت ئەویش هەڵبژاردنی سەرۆککۆمارە، کە یەکێتی و پارتی بە بەربژێرەکانیان رکابەری یەکتر دەکەن.
 
نەوەی نوێ و بزووتنەوەی ئیمتیداد یەکی خاوەنی 9 کورسی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بوون، بەڵام لە رۆژانی رابردوودا چەند پەرلەمانتارێکی ئیمتیداد رایانگەیاند، ئەوان پەیوەندییان بە بزووتنەوەکە و هاوپەیمانییەکەوە نەماوە.
 
ئەو خاڵانەی هاوپەیمانی لەپێناو خەڵک بڵاویکردوونەتەوە بریتین لە:
 
1- حکومەتی عێراق نرخی نەوت و بەنزین و بەرهەمە نەوتییەکان دابەزێنێت لە پێناو هاووڵاتییاندا لەسەرتاسەری وڵات و لە هەرێمی کوردستانیش بەتایبەتی، بەهۆکاری ئەو دۆخە سەختەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان پێیدا تێپەردەبن.
 
2- بڕی سووتەمەنی بڕیاردراو "نەوت و بەنزین" رەوانەی هەرێمی کوردستان بکرێت لەگەڵ زیادکردنی پشکی هەرێمی کوردستاندا تیایدا. 
 
3- ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانەی لەلایەن دەسەڵاتی پێشووەوە زیانیان بەرکەوتووە، وەک هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان (کەلار  و کفری).
 
4- کردنەوەی لقی بانکەکانی حکومەتی فیدراڵی لە هەرێمی کوردستان و پێدانی قەرز و پێشینەکان هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە.
 
5- هاوتاکردنی مووچەی پێشمەرگە لەگەڵ مووچەی هێزەکانی عێراق و بەشێوەی راستەوخۆ لە بەغداوە مووچە بدرێت بە هێزەکانی پێشمەرگە.
 
6- هەوڵبدرێت بۆ دابەزاندنی نرخی دۆلار بەرامبەر دینار، ئەوەش بەگوێرەی میکانیزمێکی ئابووریی کارلەسەرکراو و پشتیوانی بەرهەمی ناوخۆیی بکرێت بەرامبەر کاڵا و شمەکی هاوردەکراو.
 
7- لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی بکوژان و خوێنڕێژانی گەنجانی تشرین.
 
8- ئاشکراکردنی سەرجەم ئەو کەسانەی رفێندراون و چارەنووسیان دیار نییە و بەدواداچوون بۆ ئەم دۆسییەیە بکرێت بەشێوەیەکی زۆر باش.
 
9- لێبوردنی گشتی و تایبەت بۆ سەرجەم خۆپیشاندەران دەربکرێت و بە بێتاوان بناسێندرێن.
 
10- چارەسەری راستەقینە و درووست بۆ  دۆسییەی ئاوارەکان بدۆزرێتەوە و کۆتایی بە ئازارەکانیان بهێندرێت و هەلی کاری گونجاویان بۆ بڕەخسێندرێت.
 
11- کار لەسەر پڕۆژەی فاو بکرێت و کەمترین ماوەش بۆی دوو ساڵ بێت و بە جیدی کاری لەسەر بکرێت و پێداچوونەوە بە قۆناخەکانی کارکردن تیایدا بکرێت.
 
12- یاسای داواکاری گشتیی چالاک بکرێت.
 
13- جێبەجێکردنی یاسای پارت و حیزبەکان و رێگەنەدان بە هیچ پارتێک هێزی چەکداری هەبێت و بەشداری هەڵبژاردنەکان بکات و مۆڵەتی کارکردنی سیاسی لێ بسەندرێتەوە.
 
14- یاسایەک دەربکرێت لەبارەی مافی بەدەستهێنانی زانیاری.
 
15- سەرجەم ئەو یاسایانە هەڵبوەشیندرێنەوە کە ئازادی رادەربڕین و رەخنەگرتن لە هێماکانی دەسەڵات و جگە لەوانیش سنووردار دەکات، کە پەیوەستە بەو یاسایانەی لە ئەنجومەنی شۆڕشی هەڵوەشێندراوەوە سەرچاوەیان گرتووە و بگۆڕدرێن بە یاسایەک پشتیوانی لە ئازادی بکات.
 
16- بەرنامەیەکی روون دابنرێت و میکانیزمی سەرکەوتووی بۆ دابنرێت و بودجەیەکی بۆ تەرخان بکرێت بە ئامانجی رەخساندنی هەلی کار لە هەردوو کەرتی گشتی و تایبەت بۆ ئەو کەسانەی بێکارن.
 
17- گەرەنتیکردنی دەستە سەربەخۆکان لە رێگەی دۆزینەوەی میکانیزمێکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی کەسایەتییەکان و دورخستنەوەی هەر دەستوەردانێکی حیزبی و پشکپشکێنە لە پێکهێنانیدا و دەسەڵاتە چاودێرییەکانی فراوانتر بکرێن وەک دەستەی دەستپاکی.
 
لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە 10-10-2021 لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەڕێوەچوو، لایەنە کوردستانییەکان 63 کورسی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیان بەدەستهێنا، کە پارتی دیموکراتی کوردستان بە بەدەستهێنانی 31 کورسی زۆرترین کورسی لە باشووری کوردستاندا بەدەستهێنا.
زیاتر بخوێنەوە

12:09

پەیامنێری رووداو: زۆرینەی سوننەکان لە هۆڵی کۆبوونەوەی پەرلەمان ئامادەن

بەشێک لە پەرلەمانتارانی سەروەریی سوننەکان لەگەڵ محەممەد حەلبووسیی وێنە دەگرن

رووداو دیجیتاڵ

پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە بەغدا رایگەیاند، هەر یەکە لە فراکسیۆنەکانی سەدر، پارتی و سەروەریی سوننەکان بەجیا لە کۆبوونەوەدان و دواتر بەیەکەوە کۆبوونەوەی هاوبەش دەکەن.
 
بڕیارە ئەمڕۆ شەممە 26-03-2022 کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بەڕێوەبچێت، هەرچەندە بەپێی کارنامەی پەرلەمان دەبوو کۆبوونەوەکە کاژێر 11:00 بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی ئامادەنەبوونی رێژەی یاسایی پەرلەمانتاران، تاوەکو ئێستا کۆبوونەوەکە ئەنجامنەدراوە.
 
هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە بەغدا گوتی، بڕیارە دوای ئەوەی کۆبوونەوەی فراکسیۆنەکانی سەدر، پارتی و سەروەریی سوننەکان بەجیا بەڕێوەبچێت، بەیەکەوە کۆبوونەوەیەکی هاوبەش ئەنجامبدەن بۆ ئەوەی دڵنیاببنەوە لەوەی کە ژمارەی پەرلەمانتارانیان دەگاتە چەند و دەتوانن کۆبوونەوەکە ئەنجامبدەن یاخود نا.
 
پەیامنێری رووداو باسی لەوەش کرد، نەوەی نوێ و ئیمتیدادیش بەجیا لە کۆبوونەوەدان و دواتر بەیەکەوە کۆدەبنەوە.
 
زۆرینەی سوننەکان لە هۆڵی کۆبوونەوەکەی پەرلەمان ئامادەن جگە لە هاوپەیمانی عەزم کە موسەننا سامەڕایی سەرۆکایەتییان دەکات و نۆ کورسییان هەیە. پەیامنێری رووداو باسی لەوە کرد، زۆرینەی سوننەکان بڕیانداوە بەشداری کۆبوونەوەکە بکەن.
 
پەرلەمانتارانی سەدر بە کفنەوە بەشداریی کۆبوونەوەکە دەکەن، ئەوەش وەکو ئامادەکارییەک بۆ هەموو ئەگەرێک. پێشتر رێبەری رەوتی سەدر گوتبووی، ئەگەر کۆبوونەوەکەی پەرلەمان نەکرێت ئەوە کۆتایی پەرلەمان دەبێت.
 
ململانێکە چڕبووەتەوە و زیاتر لەنێوان سەکردەکانی چواچێوەی هاوئاهەنگیی و موقتەدا سەدرە. چوارچێوەی هاوئاهەنگیی دەڵێن، یەک لەسەر سێی مسۆگەریان ئامادەیە و رێگە لە ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە دەگرن و وەکو خۆیان دەڵێن، 130 پەرلەمانتاریان ئامادەن و ناچنە کۆبوونەوەکە.
 
شەوی رابردوو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، یەکگرتوو و کۆمەڵی دادگەریش بڕیاریاندا بایکۆتی دانیشتنەکە بکەن.

 

زیاتر بخوێنەوە

11:10

پەرلەمانتارێکی پارتی: یەکێتی لە دەرچوونی بەربژێرەکەی بێهیوایە و کۆبوونەوەکە پەک دەخات

فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق
 
 
بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار کۆببێتەوە، بەڵام بەهۆی رێکنەکەوتنی لایەنەکانەوە لەسەر پێکهێنانی حکومەت، ئەگەری کران و نەکرانی کۆبوونەوەکە سەری هەڵداوە، پەرلەمانتارێکی پارتییش دەڵێت، ئەگەری دانیشتنی پەرلەمان لە دانەنیشتن زیاترە و یەکێتی لە دەرچوونی بەربژێرەکەی بێهیوایە و هەوڵ دەدات کۆبوونەوەکە پەک بخات.
 
شوان محەممەد رۆستەم، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "ئەوەی راستی بێت، ئەگەری دانیشتنی پەرلەمان لە دانەنیشتن زیاترە، چونکە رێژەی پەکخەر کەمترن. هەروەها یەکێتییش هەر وازیان لەوە هێناوە بەربژێریان بۆ پۆستی سەرۆککۆمار دەربچێت و لەوە بێهیوا بوون، چونکە روون و ئاشکرایە و هەموو کەسێکیش دەزانێت کە ئەوان دەیانەوێت دانیشتنەکە پەک بخەن و نەکرێت."
 
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی ئاماژەی بەوە دا، دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت و نەکرێت، د. بەرهەم ساڵح، بەربژرێری یەکێتی بۆ سەرۆککۆمار بەختی دەرچوونی نییە. 
 
شوان محەممەد رۆستەم، باسی لەوە کرد، ئەوان ئامادەکارییان بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان کردووە و هەموو هاوپەیمانێتیی رزگاریی نیشتمان بەشداریی دەکەن و پێیانوایە رێژەی یاسایی ئەندامانیش ئامادە دەبن و گەشبینن و ئومێدەوارن رێبەر ئەحمەد ببێتە سەرۆککۆمار.
 
ژمارەیەک لە پەرلەمانتارە سەربەخۆکان پێیانوایە دەبێت عێراق بکەوێتە سەر سکەی خۆی و هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بەرپرسیارێتییەکی رەوشتی و مرۆییە. 
 
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارەی پارتی، ئێستا ئەوان نیوەی رێگەکەیان بڕیوە و خەریکە ئاسۆ روون دەبێتەوە، بە پێچەوانەوە ئەگەر کۆبوونەوەکە نەکرێت، لەوانەیە بگەڕێنەوە بۆ خاڵی سەرەتا. 
 
شوان محەممەد رۆستەم گوتیشی: "بە گوێرەی گەورەیی ئەو هاوپەیمانێتییەی پێکمانهێناوە و ئەو کارانەی لە چەند رۆژی رابردوودا کردوومانن بەختی ئێمە زیاترە بۆ ئەوەی دانیشتنەکە بکرێت و بەربژێرەکەمان هەڵبژێردرێت."
 
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر کە دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار سوورە، رایگەیاند، رۆژی شەممە چاوەڕێی پەرلەمانتارە سەربەخۆکانن ئەگەرنا کۆتایی پەرلەمانە. ئەو گوتەیە ئاماژەیەکە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان کە ئەوەیش عێراق دەخاتە گێژاوێکی دیکەی سیاسییەوە.
 
شوان محەممەد رۆستەم گوتی: "قسەکانی موقتەدا سەدر لۆجیکیان تێدایە؛ کە پەرلەمان هەر نەتوانێت سەرۆککۆمار هەڵبژێرێت، ئیدی بە نیازیت چی بکەیت؟ بەڵام مەرج نییە کە ئەگەر ئەمڕۆ کۆبوونەوەکە نەکرێت ئیتدی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان هەنگاو بنرێت. دوای ئەمڕۆیش نزیکەی 10 رۆژی دیکەمان لە بەردەستدایە بۆ ئەوەی لایەنەکان بگەنە ئەنجامێک."
 
بە باوەڕی ئەو پەرلەمانتارە، ئەگەر دانیشتنەکە نەکرێت، عێراق و پرۆسەی حوکمڕانی شکست دەهێنن و ئەجێندای دەرەکی سەردەکەوێت.
 
زیاتر بخوێنەوە

10:55

کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار

کۆبوونەوەیەکی پەرلەمانی عێراق
کۆبوونەوەیەکی پەرلەمانی عێراق

رووداو دیجیتاڵ

پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە بەغدا رایگەیاند، تاوەکو ئێستا 175 پەرلەمانتار خۆیان یەکلاکردووەتەوە کە بەشداریی کۆبوونەوەکەی پەرلەمان دەکەن، بۆیە ئەگەر دۆخەکە وابڕوات ئەستەمە دانیشتنەکە بەڕێوەبچێت.
 
بڕیارە ئەمڕۆ شەممە 26-03-2022 دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بەڕێوەبچێت، بەڵام تاوەکو ئێستا دیار نییە کە رێژەی یاسایی بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە تەواو دەبێت یاخود نا. هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لە بەغدا دەڵێت، تاوەکو ئێستا ئەوەی کە یەکلابووەتەوە بەشداری دەکات تەنیا 175 پەرلەمانتارن.
 
پەیامنێری رووداو باسی لەوە کرد، پەرلەمانتارە سەربەخۆکان زیاتر لە 40 پەرلەمانتار دەبن، بەڵام تاوەکو ئێستا دیار نییە کە چەندیان بەشداری دەکەن و چەندیان بایکۆتی کۆبوونەوەکە دەکەن.
 
ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکە کراون و دەستەی سەرۆکایەتیی چوونەتە پەرلەمان، چوارچێوەی هاوئاهەنگیش کە سەرکردایەتیی بەرەی بایکۆت دەکات دەڵێن، یەک لەسەر سێی پەرلەمانتارانیان مسۆگەر کردووە بۆ شکستپێهێنانی دانیشتنەکە.
 
شەوی رابردوو یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، یەکگرتوو و کۆمەڵی دادگەری بڕیاریاندا کە بەشداریی دانیشتنەکە ناکەن. 
 
بۆ تەواوبوونی رێژەی یاسایی و ئەنجامدانی دانیشتنەکەی پەرلەمان، پێویستە 220 پەرلەمانتار لە هۆڵی کۆبوونەوەکە ئامادەبن، پەیامنێری رووداو ئاماژە بەوە دەکات، بەهۆی ئەوەی بەرەی بایکۆت زۆرن و هێشتا بەشێکی سەبەخۆکان خۆیان یەکلانەکردووەتەوە، ئەستەمە بتوانرێت رێژەی یاسایی تەواو بکرێت و دانیشتنەکە ئەنجامبدرێت.

 

زیاتر بخوێنەوە