وەزارەتی تەندروستیی عێراق: ئەمساڵ 13 تووشبووی تای خوێنبەربوون گیانیان لەدەستداوە

13-05-2023
نازەنین گۆران
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی تەندروستیی عێراق دەڵێت، ئەمساڵ 95 تووشبووی تای خوێنبەربوونیان لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق تۆمارکردووە، لەنێویاندا 13 کەس گیانیان لەدەستداوە. پارێزگای زیقار زۆرترین ژمارەی تووشبوونی تێدا تۆمارکراوە.
 
رۆژی شەممە، 13-05-2023 سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق دوایین ئاماری نەخۆشیی تای خوێنبەربوونی بڵاوکردەوە و گوتی، لەسەرەتای ئەمساڵەوە 95 تووشبوو بە تای خوێنبەربوونیان تۆمارکردووە و لەو ژمارەیە 13 کەسیان گیانیان لەدەستداوە.
 
بەگوتەی گوتەبێژی تەندروستیی عێراق، پارێزگای زیقار بە پلەی یەکەم دێت لە ژمارەی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون کە 28 تووشبووی تێدا تۆمارکراوە و دواتر ریزبەندییەکە بەمشێوەیە: بەسرە 16 تووشبوو، میسان و نەجەف هەریەکەیان 8 تووشبوو، موسەننا 6 تووشبوو، بەغدا-رەسافە 5 تووشبوو، سەڵاحەدین 5 تووشبوو، بەغدا-کەرخ و دیالە هەریەکەیان 4 تووشبوو، دیوانییە و بابل هەریەکەیان 3 تووشبوو، کەربەلا و واست هەریەکەیان 2 تووشبوو و لە ئەنباریش تووشبوویەک.
 
لە بارەی ژمارەی گیانلەدەستدان، گوتەبێژی تەندروستی عێراق دەڵێت، تاوەکو ئێستا 13 کەس گیانیان لەدەستداوە کە بەمشێوەیە: زیقار 6 کەس، لە هەریەک لە نەجەف، موسەننا، بەغدا-رەسافە، دیالە، دیوانییە، بابل، کەربەلایش کەسێک گیانی لەدەستداوە. 
 
تای خوێنبەربوون بە چەندین رێگە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ؛ دەکرێت بە سووکی تووشی بێت و هەندێکجاریش دەبێتە هۆی مردن. 
سەیف بەدر دەڵێت: "زیاتر ئەو کەسانەی تووشی نەخۆشییەکە دەبن ئەوانەن کە مەڕوماڵات و ئاژەڵ بەخێودەکەن و ئەوانەش کە لە سەربڕخانەکان کاردەکەن؛ ئەوەش بەو مانایە نایەت کە  خەڵکی دیکە تووشی نەخۆشییەکە نابن، بەڵام زیاتر ئەوانەی توش دەبن کە بەگشتی لەگەڵ ئاژەڵان بەریەککەوتنیان هەیە."
 
لەبارەی هۆکاری گواستنەوە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە سەیف بەدر دەڵێت، "ئەم نەخۆشییە گوازراوەیە و دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ لە رێگەی بەرکەوتن لەگەڵ کەسی تووشبوو یان ئامێرەکانی."
 
رۆژی 09-05-2023  حەیدەر حەنتوش، بەڕێوەبەرى یەکەى نەخۆشییە گوازراوەکان لە بەڕێوەبەرایەتیى تەندروستیى پارێزگاى زیقار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "نەخۆشییەکە ئەمساڵ زووتر دەرکەوت؛ بۆیە پێشبینی دەکەین لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرما ئەو ژمارەیە زۆر زیاتر بێت و ئەمساڵ ژمارەیەکی زیاتر بەراورد بە ساڵی پار تۆمار بکەین."
 
ئەو ڤایرۆسەی دەبێتەهۆی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1944 لە کریمیا دۆزرایەوە؛ هەربۆیە ناوی لێنرا پەتای خوێنبەربوونی کریمیا؛ لە ساڵی 1956 نەخۆشییەکی هاوشێوە لە کۆنگۆی دیموکرات دۆزرایەوە و لە ساڵی 1969 دەرکەوت کە ڤایرۆسی کریمیا و کۆنگۆ هاوشێوەن؛ بۆیە زۆرجار لەگەڵ ناوەکە ناوی هەردوو ناوچەکەی پێوە دەلکێندرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە