رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی لەگەڵ میری کوردانی ئێزدی و ئەنجوومەنی باڵای رۆحانیی کوردانی ئێزدی دەڵێت، شانازی گەورە بە کوردانی ئێزدییەوە دەکات و حکومەتیش پابەندە بە پشتیوانیکردنی مافەکانی ئەو پێکهاتەیە. میری کوردانی ئێزدییش پێزانینی خۆی بۆ هەنگاوەکانی حکومەتی عێراق دەردەبڕێت.
ئەمڕۆ شەممە، 13-05-2023، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە شاری موسڵ پێشوازیکرد لە میر تەحیسن بەگ، میری کوردانی ئێزدی لە عێراق و جیهان و بابەشێخ شێخ عەلی ئەلیاس، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای رۆحانیی کوردانی ئێزدی و شاندی یاوەریان.
بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا سوودانی گوتوویەتی، شانازییەکی گەورە بە کوردانی ئێزدییەوە دەکەن لە چوارچێوەی کۆمەڵگە و گەلی عێراق؛ ئاماژەی بە هەڵوێستی کوردانی ئێزدی لە رووبەڕبوونەوەی داعش کردووە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاندووە، حکومەت پابەندە بە پشتیوانیکردنی مافەکانی کوردانی ئێزدی و "ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکانیان لە رێگەی ئەنجامدانی پڕۆژەی خزمەتگوزاری و ئابووری لە چوارچێوەی بەرنامەی حکومەتدا بەشێوەیەک ئاسانکاری بکات بۆ گەڕانەوەی خێزانە ئاوارەکانی ئێزدی بۆ زێدی خۆیان".
سوودانی لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ تاپۆکردنی خانوو و زەویی نیشتەجێبوونی کوردانی ئێزدی کردووە و جەختی لە جێبەجێکردنی یاسای رزگاربووانی ژنانی کوردی ئێزدی و قەرەبووکردنەوەیان کردووەتەوە.
وەک لە راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق هاتووە، میر حازم تەحسین بەگ، میری کوردانی ئێزدی سوپاسی سەرۆکوەزیرانی عێراقی کردووە و پێزانینی خۆی بۆ هەنگاوەکانی حکومەتی عێراق دەربڕیوە لە پشتیوانیکردنی پەیڕەوانی ئایینی ئێزدی؛ هەروەک ستایشی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی کردووە کە ساڵانە سەری ساڵی ئێزدی کردە پشووی فەرمی بۆ هەموو کوردانی ئێزدی، لەگەڵ بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ تاپۆکردنی خانوو و زەویی نیشتەجێبووبوونی کوردانی ئێزدی.
سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیار بوو ئەمڕۆ سەردانی شێخان و پەرستگەی لالش بکات، بەڵام سەردانەکەی هەڵوەشایەوە.
سعود مستۆ، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری ئێزدییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سەردانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ لالش ھەڵوەشێندرایەوە و ئەمڕۆ سەردانی شێخان و پەرستگەی لالش ناکات."
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دوای بەشداریکردنی لە کردنەوەی یادگەی نیشتمانیی بارزانی لە بارزان، کە رۆژی پێنجشەممە 11-05-2023 بەڕێوەچوو، سەردانی شاری موسڵ و بەنداوی شارەکەشی کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ