رووداو دیجیتاڵ
لە پلەی گەرمیی نزیکەی 50 پلەی سیلیزی، گەنجێکی هەولێر خۆبەخشانە بەشێک لە درەختی پارکەکانی هەولێر ئاو دەدات. ئەو تەمەنی 34 ساڵە و 10 ساڵە بەشێکی ژیانی بۆ پاراستنی ژینگە و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لەنێو خەڵک بۆ سەوزکردنی شار و وڵات، تەرخان کردووە.
ئەو گەنجە لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی ژینگەدۆستی دیکەی، زیاتر لە پێنج هەزار داریان لەو 10 ساڵەدا چاندووە. ئەو دەڵێ "ئێمە، وەکو ژینگەپارێزان بەڕاستی گەرما و سەرما کارمان لێناکات. ئێمە لە هەموو وەرزەکاندا و هەموو کاتێک لەلامان رۆژی ژینگەی کوردستانە. هەموو کاتێک لە لای ئێمە رۆژی جیهانیی لاوانە."
رۆژی 12ـی ئابی هەموو ساڵێک رۆژی جیهانیی لاوانە. ئەم رۆژە لە ساڵی 1999 لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان دیاریکراوە و هەر ساڵێک لەژێر درووشمێکدا چالاکییەکانی ئەو رۆژە، بەڕێوەدەچن.
درووشمی ئەمساڵی رۆژی جیهانیی لاوان؛ بەشداریی گەنجانە لە سەوزکردنی جیهان.
ئاسۆ شکاک، سەرۆکی رێکخراوی ئاڤیاری ژینگەیی دەڵێ "ئێمە وەکو رێکخراوی ئاڤیاری هۆشیاری ژینگەیی بە بەشداری 46 گەنج و لاوی شاری هەولێر، لە هەردوو رەگەزدا ئەمڕۆ هاتووین بۆ زیاتر ئاشنابوون بە ژینگەی دەڤەری بارزان و بۆ ئەوەی کولتووری ژینگەپارێزانی بارزان بگوازینەوە بۆ دەڤەرەکانی دیکە."
هەروەها دەڵێ "لێرە چەندین چالاکیمان ئەنجامداوە، کە یەکێکیان نەمامچاندن بوو، لەگەڵ ئەنجامدانی دوو سیمیناری ژینگەیی. لەوانەیە ئەگەر ستافی خۆمان بڵێین ئێمە ئەمساڵ زیاتر لە هەزار نەماممان چاندووە."
ساز لوقمان، ژینگەپارێزە و دەڵێ "ئێمە لە سەردەمی تەکنەلۆژیادا دەژین. زۆر زۆر شت پێشکەوتووە و دەشتووانین بە زۆر شێواز گرنگی بە ژینگەی دەوروبەرمان بدەین."
ژینگەپارێزێکی دیکە بەناوی ئەڤین غازی باسی ئەوە دەکات، "چەند کەمپەینێکمان ئەنجامداوە، وەکو چاندنی نەمام و پاکڕاگرتنی ژینگەی هەرێمی کوردستان."
لە هەرێمی کوردستان 213 رێکخراوی ژینگەپارێز هەن، بەڵام تەنیا 40ـیان چالاکن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ