رووداو دیجیتاڵ
بەپێی رەشنووسی بودجەی گشتیی ساڵی 2023، ئەمساڵ عێراق نزیکەی 9 تریلیۆن دینار قەرز دەداتەوە ئێران و بە بەهای نزیکەی 4 تریلیۆن دیناریش گاز لەو وڵاتە هاوردە دەکات بۆ دابینکردنی کارەبا. ئەندامێکی لێژنەی کارەبا و وزەی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "عێراق یەدەگێکی زەبەلاحی گازی سرووشتی هەیە و دەبێت وەبەرهێنانی تێدا بکرێت."
بەپێی بەدواداچوونەکانی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ رەشنووسی بودجەی ساڵی 2023، دەردەکەوێت عێراق بڕی 4 تریلیۆن و 129 ملیار دینار قەرزی هاوردەکردنی گازی ئێرانی بۆ دابینکردنی کارەبا لەسەرە و بڕیارە ساڵی داهاتوو بدرێتەوە. بڕی 5 تریلیۆن دیناری دیکەشی لەسەرە کە تەنیا 500 ملیار دیناری لەساڵی 2022دا داوەتەوە، هاوکات ئەو پارەیەشی لە بودجەی ئەمساڵ بۆ هاوردەکردنی گاز لە ئێرانەوە تەرخانیکردووە 3 تریلیۆن و 712 ملیار و 379 ملیۆن دینار دەبێت.
کۆی ئەو پارانەی لە رەشنووسەکەدا بۆ بەرژەوەندیی وەزارەتی کارەبا دیاریکراوە، دەگاتە 12 تریلیۆن و 841 ملیار و 379 ملیۆن دینار.
عێراق 124.6 تریلیۆن پێ سێجا یەدەگی گازی سرووشتیی هەیە، بەوەش دەبێتە 12مین گەورەترین وڵات لە قەبارەی یەدەگی گازی سرووشتی، هەرچەندە ئەم وڵاتە دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتە لە رێکخراوی ئۆپێک، بەڵام تائێستا نەیتوانیوە لە گازی سرووشتی بگاتە ئاستی خۆبژێوی.
ئێستا ئێران رۆژانە 25 ملیۆن مەتر سێجا گاز هەناردەی عێراق دەکات، رەنگە لە هاوینی ئەمساڵ ئەو بڕە بۆ 50 ملیۆن مەتر سێ جا زیادبکات، ئەو بڕە دەتوانێت نزیکەی 7 بۆ 8 هەزار مێگاوات کارەبا بۆ عێراق دابینبکات.
رۆژی هەینی، 12-5-2023، کاڤین شێخ سەعید، ئەندامی لێژنەی کارەبا و وزەی پەرلەمانی عێراق، بەتۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە رەشنووسی بودجەدا زیاتر لە 17 تریلیۆن دینار بۆ کارەبا تەرخانکراوە، لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانیش قسەمان لەوبارەیەوە کردووە، بەڵام کێشەکە هاوردەکردنی گازی ئێرانە کە ساڵانە نزیکەی 9 تریلیۆن دیناری دەوێت، ئەگەر ئەو پارەیە لە ناوخۆدا خەرجبکرێت ئەوا بەرهەمهێنانی کارەبا لەماوەیەکی کەمدا زۆر زیاد دەبێت."
بەپێی وەزارەتی نەوت، عێراق پلانێکی پێنج ساڵەی بۆ وەبەرهێنان لە گازی هاوەڵی سووتێنراو هەیە بۆ ئەوەی بەرهەمهێنانی کارەبا زیادبکات و دەستبەرداری گازی ئێران ببێت، کە ئەمریکاش لەبارەیەوە لەسەر هێڵە و گوشارەکانی بۆ سەر عێراق زیادکردووە، بەو پێیە عێراق دەیەوێت تاوەکو ساڵی 2026 هیچ پێویستییەکی بە گازی ئێران نەمێنێت لەرێگەی وەبەرهێنانی گازی هاوەڵی سووتاو، کە بەپێی راپۆرتەکانی بانکی نێودەولەتی ساڵانە دەگاتە 6 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار و بە دووەم خراپترین ولات لە سووتانی گازی هاوەڵ دێت لە دوای رووسیا. عێراق لەساڵی 2022دا زیاتر لە 17 ملیار و 400 ملیۆن مەتر سێ جا گازی سووتاندووە.
بەهۆی گوشار و گەمارۆکانی ئەمریکاوە عێراق ناتوانێت بە پارەی کاش و دۆلار قەرزەکانی بداتەوە ئێران، ساڵی رابردوو تەنیا بڕی 500 ملیار دیناری داوەتەوە.
ئەندامەکەی لێژنەی کارەبا و وزەی پەرلەمانی عێراق هۆشداریی لە بەردەوامبوونی عێراق لە هاوردەکردنی گازی ئێران دەدات و دەڵێت: "ئێستا عێراق خاوەنی یەکێک لە گەورەترین یەدەگەکانی گازی سرووشتییە لە جیهان، بۆیە نابێت پشت بە وڵاتی دیکە ببەستێت، خۆ ئەگەر رووداوێکی سرووشتی یان رووداوی دیکە رووبدات وەکو بوومەلەرزەی بەهێز ئەو کات لە عێراق کارەسات روودەدات، بۆیە نابێت پشت بە وڵاتی دیکە ببەسترێت، عێراق کار دەکات لە رێگەی ئەو گرێبەستانەی لەگەڵ ژمارەیەک کۆمپانیای بیانی کردوویەتی بەرهەمهێنانی کارەبا زیاد بکات."
رۆژی 25ـی نیسانی 2023، ئەحمەد موسا، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند، ساڵانە عێراق بایی 8 تریلیۆن دینار گاز لە ئێرانەوە بۆ هاوردە دەکات.
لەماوەی 20 ساڵی رابردوو نزیکەی 80 ملیار دۆلار لە کەرتی کارەبای عێراقدا خەرجکراوە، بەڵام نەتوانراوە کارەبای 24 کاژێری دابینبکرێت، ئێستا عێراق 24 هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەمدەهێنێت، لەکاتێکدا پێویستیی بە 40 هەزار مێگاواتە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ