رووداو دیجیتاڵ
لەماوەی کەمتر لە سێ هەفتە، دوو کۆبوونەوەى شاندى سەربازیى عێراق و هاوپەیمانیى دژی داعش کراوە. دوایینیان لە 11-2-2024 بوو؛ کۆبوونەوەکان بۆ دیاریکردنى شێوازى پەیوەندى ئاییندەى نێوانیانە.
لیوا یەحیا رەسوول، گوتەبێژى فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانى عێراق دەڵێت، کۆبوونەوەکان بەمەبەستی هەڵسەنگاندنى دۆخى سەربازى، ئاستى مەترسییەکان، رێوشوێنەکان و تواناى هێزە چەکدارەکانى عێراقن و، لەسەر بنەماى ئەو کۆبوونەوانە، خشتەیەکى کاتى گەڵاڵە دەکرێت بۆ کەمکردنەوەی راوێژکارانی سەربازی بەشێوەیەکى قۆناخ بە قۆناخ کە ئامانجەکەی کۆتاییهێنانە بە ئەرکى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى دژی داعش و هەنگاونان بەرەو قۆناخی پەیوەندیی دوو قۆڵى دەبێت. ئەگەر هیچ بەربەستێک دروستنەبێت، ئەو کۆبوونەوانە بەشێوەیەکى خولی لەنێوان هەردوولادا دەکرێن.
کۆبوونەوەى لیژنەی باڵای سەربازیى عێراق لەگەڵ هاوپەیمانان، هاوکاتە لەگەڵ جووڵەى بەشێک لە لایەنە شیعەکان لە پەرلەمان بۆ ئەوەى کۆتایی ئەرکى هاوپەیمانان بە یاسایی بکرێت.
لەنێو هێزە شیعەکاندا دوو ئاراستەى جیاواز هەن؛ بەشێکیان دەڵێن پێویستە یاساکە بۆ دەرکردنى ئەو هێزانە بێت؛ بەشێکى دیکەیان دەیانەوێت نەرمتر مامەڵە بکەن و، یاساکە گوزارشت بێت لە سرووشتى مامەڵەى نێوان بەغدا و هاوپەیمانان لە ئاییندەدا.
موسەننا ئەمین، ئەندامى پەرلەمانى عێراق بە رووداوی گوت "شیعەکانیش وەک هەر پێکاتەیەکی دیکەی عێراق خاوەنی یەک رەوتی سیاسی و یەک بیروبۆچوون نین و هەندێکیان درک بەوە دەکەن هەر جۆرە رووبەڕووبوونەوەیەک لەگەڵ ئەمریکا، کاریگەریی خراپی لەسەر عێراق دەبێت، کە ئێمە لەڕاستیدا لەشەڕدا نین لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا."
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا موسەننا ئەمین هەروەها رایگەیاند "بەرژەوەندیی عێراق وا ناخوازێت ئێمە رووبەڕووی ئەمریکا ببینەوە، ئەمە بۆچوونی بەشێکی زۆری پەرلەمانتارانی شیعەیە، بەتایبەتی ئەوانەی لە لۆجیکی بەڕێوەبردنی دەوڵەت تێدەگەن."
هەردوو لیژنەى یاسایی و ئاسایش و بەرگریى پەرلەمان ئەرکى گەڵاڵەکردنى پێشنیازە یاساییەکیان پێ سپێردراوە بۆ یەکلاییکردنەوەى ئەرکى هاوپەیمانان.
لەنێو ئەو دوو لیژنەیەش ئەوە یەکلا نەبووەتەوە کە بڕیارێکى چوار ساڵ لەمەوبەرى پەرلەمان بۆ دەرکردنى هێزە بیانییەکان دەکەن بە پێشنیازە یاسا یان پڕۆژەیەکى نوێ دەبێت بۆ دیاریکردنى شێوازى پەیوەندى نێوان عێراق و هاوپەیمانان.
حوسێن عامرى، ئەندامى لیژنەى ئاسایش و بەرگرى پەرلەمانى عێراق دەڵێ "بەشێوەیەکى فەرمى داوامان لە سەرۆکوەزیران کردووە کە وەک لیژنەى ئاسایش و بەرگری نوێنەرمان لە دانوستاندنەکاندا هەبێت، بۆ ئەوەى ئاگادارى رێکارەکان و شێوازى رێککەوتن و لێکتێگەیشتنەکان بین لەگەڵ هێزەکانى ئەمریکا ".
زیاتر لە 100 پەرمانتارى شیعە واژۆیان بۆ گەڵاڵەکردنى پێشنیازەکە بۆ دەرکردنى هێزەکانى ئەمریکا کۆکردووەتەوە، بەڵام کورد و سوننە واژۆیان نەکردووە. ئەگەر هەیە هەمان سیناریۆ بۆ کۆبوونەوەیەکى پەرلەمان هەبێت بۆ ئەوەی تێیدا دەنگ بە پڕۆژەکە بدرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ