وەزارەتی ناوخۆی عێراق: ئەفسەرێک بە تۆمەتی ئەنجامدانی 'تاوان' لە شەڕی داعش دەستبەسەرکراوە

12-02-2022
ئاسۆ فیشەگی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، عومەر نەزار ئەفسەری فیرقەی بەرپەرچدانەوەی خێرا کە تۆمەتی تاوانی لە شەڕی رزگارکردنی ناوچە سوننەنشینەکانی عێراق دراوەتە پاڵ، بەمەبەستی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا دەستبەسەرکراوە.
 
وەزارەتی ناوخۆی عێراق، رۆژی هەینی 11-02-2022، لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد: "دوای ئەو هەموو قسە و هەواڵانەی کە بڵاوکرانەوە، سەبارەت بە بابەتی موقەدەم عومەر نەزار کە کارمەندی فیرقەی بەرپەرچدانەوەی خێرایە، دەمانەوێت روونیبکەینەوە کە ئەو ئەفسەرە ئێستا دەستبەسەرکراوە و لیژنەیەکی یاساییش لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ پێکهێندراوە بۆ لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا، سەبارەت بە هەموو ئەو تۆمەتانەی کە دراونەتە پاڵی."
 
ئەوە دووەمجارە لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەو ئەفسەرە دەکرێت لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەیەکی گشتی، وەزارەتی ناوخۆی عێراق لەوبارەوە دەڵێت، "ئەگەر بسەلمێت کە ئەو ئەفسەرە کەمتەرخەمیی کردووە لە راپەڕاندنی ئەرکی خۆی، ئەوا رێکارە یاساییەکان لە بەرانبەری دەگیرێنەبەر، لیژنەی لێکۆڵینەوەکەش رای گشتیی لە هەموو راستییەکان ئاگاداردەکاتەوە."
 
لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە عێراق، هەڵمەتێکی فراوان دەستیپێکرد، بەشداربووانی هەڵمەتەکە داوای دەستگیرکردنی عومەر نەزار، ئەفسەری فیرقەی بەرپەرچدانەوەی خێرا دەکەن و دەڵێن تاوانی زۆری لە شەڕی رزگارکردنی ناوچە سوننەنشینەکانی عێراق لە دەستی داعش ئەنجامداوە، وەکو ئەشکەنجەدان، کوشتن و دەستدرێژیی سێکسی بۆ ئەوەی ناچاریان بکات دان بەوەدا بنێن کە ئەندامی داعشن.
 
بەشداربووانی هەڵمەتەکە هەروەها ئەو ئەفسەرە بە کوشتنی خۆپێشاندەرانی ناڕازی لە پردی زەیتوون لە شاری ناسرییە لە باشووری عێراق تۆمەتبار دەکەن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە