دادگەیەکی بەغدا کەسێکی سزادا کە خۆی بە پزیشک، پارێزەر و دادوەر ناساندبوو

11-12-2022
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

دادگەیەکى بەغدا کەسێکى بە حەوت ساڵ بەندکردن سزادا کە بۆ سوودى کەسى خۆى وەکو پزیشک، پارێزەر، دادوەر ناساندبوو و چەندین پێناسی ساختەکراوى پێبووە؛ هەروەها بە نامە هەڕەشەى لە بانکێک کردووە بەمەبەستى سوودى کەسی. 
 
رۆژی 11ى کانوونى یەکەمى 2022، ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، دادگەى تاوانەکانى کەرخ کەسێکى بە حەوت ساڵ بەندکردن سزاداوە کە وەک پزیشک، پارێزەر و دادوەر خۆى پێشانداوە کە باڵاترین پۆستیان ئەوە بووە کە وەک جێگرى سەرۆکى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى خۆى ناساندووە. 
 
بەگوێرەى راگەیێندراوەکە، ئەو تۆمەتبارە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەژمارى هەبووە کە وەک پزیشکێک لە وێنەکەیدا دەرکەوتووە. 
 
ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى ئاماژەى بەوەش داوە، ئەو کەسە بە تەلەفۆن نامەى هەڕەشەى ناردووە بۆ یەکێک لە بانکەکان بەمەبەستى دەستکەوتى کەسى و لە کاتى دەستگیرکردنیدا چەندین پێناسى ساختەکراوى پێ گیراوە. 
 
ئەو تۆمەتبارە بەگوێرەى بڕیارى ژمارە 160ى ساڵى 1983ى ئەنجوومەنى سەرکردایەتیی شۆڕشى پێشوو سزادراوە کە تایبەتە بە وەرگرتنى بەرتیل و بەکارهێنانى پلە و پۆستى فەرمى بۆ سوودى کەسی. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە