عێراق
کۆبوونەوەی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح کۆبوونەوە. بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی عامری، لە کۆبوونەوەکەدا بافڵ تاڵەبانی و هادی عامری رایانگەیاندووە: "پێویستە پێکهێنانی حکومەت پەلەی تێدا بکرێت." بافڵ تاڵەبانیش لە فەیسبووکی خۆی نووسیوویەتی: "گەشبینین بەوەی نیەتێکی جیدی هەیە بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە و کۆتاییهێنان بەو بنبەستە سیاسییەی وڵاتی تێکەوتووە."
رۆژی سێشەممە 11-10-2022، نووسینگەی هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، ئەمڕۆ هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح لە نووسینگەی خۆی لە شاری بەغدا پێشوازیکرد لە بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هەردوولا دوایین پێشهاتەکانی دۆخی سیاسی و پەلەکردن لە پێکهێنانی حکومەتیان تاوتوێکرد و رایانگەیاند: "پێویستە پێکهێنانی حکومەت پەلەی تێدا بکرێت."
هەر لەوبارەوە، نووسینگەی بافڵ جەلال تاڵەبانی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، سەرۆکی یەکێتی و سەرۆکی ھاوپەیمانیی فەتح گفتوگۆیان لەبارەی نەهێشتنی گرژییەکان، زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەکان و قۆناخێکی نوێی سیاسی لە عێراق کردووە و لە کۆبوونەوەکەدا "جەخت لە بەردەوامیی گفتوگۆی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکان کرایەوە لەپێناو پێکهێنانی حکومەتی نوێ و خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییان."
بافڵ جەلال تاڵەبانی لەبارەی بەربەستەکانی بەردەم پرۆسەی سیاسی و هەنگاوەکانی تێپەڕاندنی ئەم دۆخە چەقبەستووە گوتی: "سازان و هاوبەشیی راستەقینە فاکتەری دەربازبوونن لەم دۆخە نەخوازراوە"؛ ئاماژەی بەوەش کرد: "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک هێزێکی سیاسی بەرپرسیار و دەربەست بە پاراستنی مافەکانی گەلی کورد و هەموو نەتەوە و پێکهاتەکان، لە هەوڵەکانی بەردەوامە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان."
سەرۆکی یەکێتی باسی لە ئامانجی حیزبەکەی کرد لە حکومەتی داهاتوودا و دەڵێت: "ئامانجی ئێمە روونە و دەمانەوێت حکومەتی نوێ بەدیهێنەری مافە دەستوورییەکانی گەلی کورد بێت و خزمەتگوزاری پێشکێشی هەموولایەک بکات؛ پشتگیری هەموو هەوڵێکی لەو جۆرەش دەکەین کە کار بۆ ئەو ئامانجە باڵایە بکات؛ گەشبینیشین بەوەی نیەتێکی جیدی هەیە بۆ تێپەڕاندنی دۆخەکە و کۆتاییهێنان بەو بنبەستە سیاسییەی وڵاتی تێکەوتووە."
ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە، بڕیارە رۆژی پێنجشەممە 13-10-2022 پەرلەمانی عێراق بە مەبەستی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار کۆببێتەوە و تاوەکو ئێستاش پارتی و یەکێتی لەوبارەو رێکنەکەوتوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ