حکومەتی عێراق دەستگیرکردنی یاریدەدەری ئەبوبەکر بەغدادی رادەگەیێنێت

11-10-2021
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن داعش
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی عێراق دەستگیرکردنی کەسی دووەمی رێکخراوی داعش و سەرپەرشتیاری دارایی رێکخراوەکەی لە عێراق راگەیاند.
 
مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە تویتێکدا ئاشکرایکرد "لە کاتێکدا چاوی پاڵەوانەکانمان لە هێزە ئاسایشییەکان بە وریاییەوە کاری بۆ پاراستنی هەڵبژاردنەکان دەکرد، باڵی سەرەکیی ئەوان لە دەزگای هەواڵگری، سەرقاڵی جێبەجێکردنی یەکێک لە قورسترین ئەرکەکان بوو لە دەرەوەی سنوورەکان، بۆ دەستگیرکردنی ناوبراو بە سامی جاسم، بەرپرسی دارایی داعش".
 
هاوکات شانەی ئاسایشی عێراق لە بڵاوکراوەیەکدا ئاشکرایکرد، سامی جاسم محەمەد جەعاتە عەجوز جبووری، کە نازناوەکەی ئەبو ئاسیا بووە، بەرپرسی دۆسیەی دارایی و ئابووریی رێکخراوی داعش بووە.
 
شانەی ئاسایشی عێراق روونیکردووەتەوە، "تۆمەتبار لە کردەیەکی نموونەییدا لەلایەن هێزە نەبەردەکانمانەوە لە دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی و لە کردەیەکی تایبەتدا لە دەرەوەی سنوور، دەستگیرکرا".
 
هەروەها ئاماژە بەوەش کراوە، سامی جاسم دیارترین داواکراوی نێودەوڵەتی بووە و نزیک بووە لە لیژنەی رێگەپێدراو بۆ بەڕێوەبردنی رێکخراوەکە و عەبدوڵڵا قرداشی سەرۆکی رێکخراوەکە.
 
سامی پێشتر چەندین بەرپرسیارێتیی لەنێو داعشدا هەبووە، لەوانەش، یاریدەدەری ئەبوبەکر بەغدادی، هەروەها بەرپرسی دیوانی بەیتولمال بووە.
 
مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دوێنێ یەکشەممە 10-10-2021 لەدوای بەشداریکردن لە دەنگدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئاشکرایکرد، حکومەت "دەستکەوتێکی ئاسایشیی گەورەی بەدەستهێناوە"، بەڵام ناوەڕۆکی دەستکەوتەکەی ئاشکرا نەکرد و راگەیاندنی هەواڵەكەی بۆ دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان دواخست.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە