عێراق
دیمەنی ژمارەیەک پێشمەرگە لەکاتی پێشوازیکردن لە مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لەلایەن محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەغدا
رووداو دیجیتاڵ
لەکاتی رێوڕەسمی پێشوازی لە سەرۆککۆماری ئێران لە بەغدا، لەنێو پاسەوانانی شەرەفدا، پێشمەرگەش بەشداربوون.
ئەمڕۆ چوارشەممە 11ی ئەیلوول مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران گەیشتە بەغدا و لە رێوڕەسمێکدا محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازیی لێکرد.
لە رێوڕەسمی پێشوازی لە پزیشکیاندا، پاسەوانانی شەرەف ئامادە بوون. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، لەنێو پاسەوانانی شەرەفدا هێزە جیاکانی عێراق هەن، لەنێو ئەوانەشدا هێزێکی پێشمەرگە وەکو نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان بەشداربوون و بەشداربوونیشیان لە پرۆتۆکۆلەکاندا جێگیر کراوە.
لە سەردانەکەیدا بۆ عێراق، بڕیارە سەرۆککۆماری ئێران سەردانی هەرێمی کوردستان بکات.
لە وەڵامی پرسیارێکی هەڵکەوت عەزیز، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە بەغدا، مەسعود پزیشکیان بە زمانی کوردی گوتی، "سڵاومان بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان هەیە و لە خزمەتیانداین، پشت بەخوا لە بەرنامەماندایە، دەچینە ئەوێ و قسەیان لەگەڵ دەکەین."
پەیامنێری رووداو پرسیاری لەبارەی پەیوەندیی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستانی لە پزیشکیان کرد و لە وەڵامدا گوتی، "پەیوەندیی ئێران لەگەڵ هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی باشە و باشتری دەکەین."
سەبارەت بە وردەکاری کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان، سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت، "سەرجەم بوارەکانی؛ سیاسی، ئەمنیی، ئابووری، زانستیی و فەرهەنگی و چەندین بواری دیکە تاوتوێ دەکەین."
عێراق یەکەمین وڵاتە کە پزیشکیان دوای سوێندخواردنی وەکو سەرۆککۆمار لە 30ی تەممووزی ئەم ساڵ سەردانی دەکات، سەردانەکەشی دوای بانگهێشتێکی فەرمیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ