عێراق
بەگوێرەى پڕۆژەیاساکە، ئەگەر ئەندامێکى خێزانى تووشبووەکە لەڕێگەی تووشبووەکەشەوە، تووشی ئایدز بووبێت، ئەویش قەرەبووەکە دەیگرێتەوە.
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتى عێراق لەرێگەى یاسایەکەوە قەرەبووى نزیکەی 300 کەس و خانەوادەکانیان دەکاتەوە، کە نزیکەی 40 ساڵ لەمەوبەر بەهۆى دەرمانى کۆمپانایەکى فەرەنسی تووشی نەخۆشیی ئایدز بوون، قەرەبووەکە 100 ملیۆن دینار و پارچەیەک زەوى و مووچەیەکى یەک ملیۆن دینارى دەبێت.
حکومەتى عێراق پڕۆژەیاسایەکى بۆ ئەو قەرەبووکردنەوەیە ئاراستەى پەرلەمان کردووە، کە بڕیارە لەم وەرزەى یاسادانانى پەرلەمان کارى لەسەر بکرێت.
ماجید شنگالى، سەرۆکى لیژنەى تەندروستیی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، پڕۆژەیاساکە لە لیژنەکەی ئەوانە و لەدواى زیادکردنى تێبینییەکان، خوێندنەوەى یەکەمى بۆ دەکەن بۆ قەرەبووکردنەوەى تووشبووانى ئەو نەخۆشییە، کە لە هەشتاکانى سەدەى رابردوو روویداوە و، لەرێگەى وەرگرتنى دەرمانەوە تووشبوون کە یەکێکیان هاونیشتیمانییەکى شنگال بووە، بەڵام لە ژیاندا نەماوە.
ماجید شنگالى گوتیشى "هەرکەسێک لەوانەى بەهۆى ئەو دەرمانانەوە تووشى ئایدز بوون، 100 ملیۆن دیناریان پێدەدرێت لەگەڵ پارچەیەک زەوى و 75 ملیۆن دینار پێشینە بۆ دروستکردنى خانوو، ئەوە جگە لە مووچەى مانگانەى یەک ملیۆن دینار و ئەگەر تووشبووەکەش لە ژیاندا نەمابێت، دەدرێتە واریسەکەى".
لەساڵى 1986 حکومەتى ئەوکاتەى عێراق دوو جۆر دەرمانى لە کۆمپانیاى ماریۆى فەرەنسى کڕیوە و هاوردەى کردووە بۆ چارەسەرى نەخۆشانى هیمۆفیلیا (نەخۆشییەکی خوێنبەربوونی بۆماوەییە) لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانى بەغدا، بەڵام بەگوێرەى ئامارەکانى وەزارەتى تەندروستیی عێراق، بەهۆیەوە 286 کەس لە چەند پارێزگایەکى جیاواز تووشی نەخۆشیى ئایدز بوون.
سەرۆکى لیژنەى تەندروستیى پەرلەمانى عێراق رایگەیاند: بەگوێرەى پڕۆژەیاساکە، ئەگەر ئەندامێکى خێزانى تووشبووەکە لەڕێگەی تووشبووەکەشەوە، تووشی ئایدز بووبێت، ئەویش قەرەبووەکە دەیگرێتەوە.
ماجید شنگالى گوتیشى "حکومەتى عێراق لە دادگا نێودەوڵەتییەکاندا سکاڵاى یاسایى لەدژى ئەو کۆمپانیا فەرەنسیە تۆمارکردووە و داواى قەرەبووى کردووە، ئەگەر ئەو قەرەبووە لەو کۆمپانیا فەرەنسییە وەربگیرێتەوە، دەخرێتە جێگەى ئەو پارەیەى حکومەت تووشبووەکانى پێ قەرەبوو کردووەتەوە".
لە ساڵى 2004،وەزارەتى تەندروستىی عێراق سکاڵاى یاسای لەدژى کۆمپانیاى ماریۆى فەرەنسى تۆمارکردووە بۆ قەربووکردنەوەى ئەو کەسانەى کە بەهۆى دەرمانەکانى ئەو کۆمپانیایەوە توشی ئەو نەخۆشیە بوون، بەڵام تائێستا ئەنجامی نەبووە.
ئایدز، نەخۆشییەکە بەهۆی ڤایرۆسی (HIV) تووشی مرۆڤ دەبێت، کە ڤایرۆسەکە هێرش دەکاتە سەر سیستمی بەرگریی مرۆڤ. نەخۆشیی ئایدز هەتاوەکو ئێستا چارەسەرێکی تەواوەتیی نییە و، هەرکەسێک تووشیبێت تاوەکو کۆتایی ژیانی نەخۆشییەکەی لەگەڵدا دەمێنێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ