عێراق
باڵیۆزى نوێى ئێران لە عێراق لە کاتی دانانی تاجەگوڵینە لە شوێنى کوژرانى قاسم سولەیمانی و ئەبوو مەهدی موهەندیس
رووداو دیجیتاڵ
محەممەد کازم ئالسادق، باڵیۆزى نوێى کۆمارى ئیسلامى ئێران لە عێراق، وەک دەستپێکی ئەرکە نوێیەکەی سەردانى شوێنى کوژرانى قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدى موهەندیسی کرد، لە نزیک فڕۆکەخانەى بەغدا.
بەگوێرەى راگەیێندراوێکى دەستەى حەشدی شەعبی عێراق، 10ى ئایارى 2022، محەممەد کازم ئالسادق، وەک دەستپێکى دەستبەکاربوونى لەو پۆستەدا، سەردانى شوێنى کوژرانى قاسم سولەیمانى، فەرماندەى پێشوى فەیلەقى قودسی سوپاى پاسدارانى کۆمارى ئیسلامى ئێران و ئەبوو مەهدى موهەندیس، جێگرى پێشووى سەرۆکى دەستەى حەشدی شەعبی عێراقى کردووە، کە لە 3ى کانونى دووەمى 2020، لە نزیک فڕۆکەخانەى بەغدا بە بۆردوومانى فڕۆکەى بێفڕۆکەوانى ئەمریکا کوژران.
باڵیۆزى نوێى کۆمارى ئیسلامیى ئێران لە عێراق تاجەگوڵینەی لەسەر شوێنى کوژرانى سولەیمانی و موهەندیس دانا و فاتیحەی بۆ خوێندن.
11ى نیسانى 2022 محەممەد کازم ئالسادق، لە جێگەى ئیرەج مەسجدی، وەک باڵیۆزى نوێى کۆمارى ئیسلامیى ئێران لە عێراق دیاریکرا.
محەممەد کازم ئالسادق لەدایکبووى شارى نەجەفە و لە هەشتاکانى سەدەى رابردوو چووەتە کۆمارى ئیسلامیى ئێران، بەر لە وەرگرتنى پۆستە نوێیەکەى، جێگرى باڵیۆزى ئێران بووە لە عێراق.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ