پەرلەمانتارێکی کوردی ئێزدی: هەڵوەشاندنەوەی وردبینیی ئەمنی کارەساتێکی گەورەیە

10-11-2022
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانتارێکی کوردی ئێزدی لە پەرلەمانی عێراق دژی بڕیارێکی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان دەوەستێتەوە و دەڵێت، هەڵوەشاندنەوەی وردبینیی ئەمنی "کارەساتێکی" گەورەیە.
 
رۆژی پێنجشەممە 10-11-2022 ڤیان دەخیل، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانتاری کوردی ئێزدی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە تەلاری پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: "بابەتی هەڵوەشانەوەی وردبینیی ئەمنیی هاووڵاتییان لە ناوچە ئازادکراوەکان کارەساتێکی گەورەیە. هەمووان دەزانن تیرۆر لە هەموو عێراق هەبوو؛ بەداخەوە تیرۆر بووە هۆی هەرەسهێنانی یەک لەسەر سێی عێراق و پارێزگاکان کەوتنە دەست تیرۆریستیان".
 
ڤیان دەخیل گوتی: "هەمووان دەزانن زۆر لە هاووڵاتییانی ئەو ناوچانە لە تیرۆر بەشداربوون. هاوکات خەڵکێکی زۆر بێتاوان لەو ناوچانەدا هەیە، بەڵام بابەتی وردبینیی ئەمنی بابەتێکی زۆر گرنگە و لە هەموو وڵاتانی جیهاندا هەیە".
 
رۆژی 9ى تشرینى یەکەمى 2022، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانى عێراق سەرۆکایەتیى کۆبوونەوەى ئاسایشى نیشتمانى کرد کە ژمارەیەک لە وەزیرە پەیوەندیدارەکان و سەرۆکى دەزگا ئەمنییەکان تێیدا بەشدار بوون. لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیاردرا بە هەڵوەشاندنەوەى بڕیارى وردبینیی ئەمنی لەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی داعشدا بوون و کۆنترۆڵکرانەوە.
 
لە دواى کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکانی ژێر دەستی داعش لە پارێزگاکانی ئەنبار، نەینەوا، کەرکووک، سەلاحەدین و دیالە لە ساڵانی 2015 و 2016 و 2017، هاووڵاتییانى ئەو ناوچانە بۆ هەر مامەڵەیەکى فەرمى لە دامەزراوەکاندا وردبینیى ئەمنی بۆ دۆسیەکانیان دەکرێت بۆ ئەوەى بزانرێت کە سەر بەو رێکخراوە بوون یان نا.
 
هێرشێکی گەورە کرایە سەر کوردانی ئێزدی لە سنووری شنگال لە پارێزگای نەینەوا. 
 
لە هێرشەکەی ئابی 2014ی داعشدا بۆسەر سنووری شنگال، نزیکەی پێنج هەزار کوردی ئێزدی کۆمەڵکوژ کران؛ بەهۆی هێرشەکەوە دوو هەزار و 745 منداڵ بێ دایک و باوک بوون.
 
هەر لەو هێرشەدا شەش هەزار و 417 کوردی ئێزدی رفێندران؛ لەو ژمارەیە سێ هەزار و 548 کەسیان لە رەگەزی مێ بوون و دوو هەزار و 869 کەسیش لە رەگەزی نێربوون؛ تاوەکو ئێستا 3 هەزار و 555 کەسیان رزگارکراون. هەر بەهۆی ئەو هێرشەوە زیاتر لە 325 هەزار کوردی ئێزدی ئاوارەبوون.
 
ڤیان دەخیل دەپرسێت: "باشە چۆن لە وڵاتێكی وەک عێراق رێکاری لەم جۆرە هەڵدەوەشێتەوە کە تیرۆر بەم شێوەی لێکردووە؟ ئەوەی کوژرا، کوژرا؛ ئەوەی رفێندرا، رفێندرا. جەنابی سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان؛ چی بە کەسوکاری قوربانییانی دەستی تیرۆر دەڵێت، ئەگەر وردەبینیی ئەمنی هەڵبوەشێنیتەوە؟ چی بە هەزاران ئێزدی دەڵێیت کە لەلایەن تیرۆریستانەوە کوژران؟ چی بۆ گۆڕە بە کۆمەڵەکان دەڵێیت؟"
 
ڤیان دەخیل گوتی: "لەگەڵ ئەوەم وردبینیی ئەمنی پەلەی تێدابکرێت تاوەکو کەس نەبێتە قوربانی. لەبری 10 فەرمانبەر بۆ راییکردنی کارەکان، ستافەکە بکە بە 20 فەرمانبەر و 30 فەرمانبەر بۆ ئەوەی وردبینیی ئەمنی بکەن، بەڵام هەڵوەشانەوەی رێکارەکە بڕیارێکی نادروستە و لە شوێنی خۆیدا نییە".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە