محەممەد حەلبووسی و محەممەد شیاع سوودانی گەیشتنە هەولێر

10-10-2022
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

محەممەد حەلبووسی و شاندێک بە ناوى هاوپەیمانیى بەڕێوەبردنى دەوڵەت گەیشتنە هەولێر و بڕیارە لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانى کۆببنەوە. گوتەبێژى ئەنجوومەنى باڵاى ئیسلامیى عێراقى دەڵێت: "شاندەکە پێکهاتوون لە محەممەد حەلبووسی، محەممەد شیاع سوودانی و فالح فەیاز".
 
شاندەکە پێکهاتووە لە محەممەد حەلبووسی، سەرۆکى پەرلەمانى عێراق، محەممەد شیاع سوودانی، بەربژێرى هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى بۆ پۆستى سەرۆکوەزیران، فالح فەییاز، سەرۆکى دەستەى حەشدی شەعبی.
 
10ى تشرینى یەکەمى 2022 عەلى دیفاعى، گوتەبێژى ئەنجوومەنى باڵاى ئیسلامیی عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "ئەمڕۆ دووشەممە، شاندێکى هاوپەیمانیى بەڕێوەبردنى دەوڵەت سەردانى هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان دەکەن و لەگەڵ مەسعود بارزانی کۆدەبنەوە" و گوتیشی، ئامانج لە سەردانەکە بابەتی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقە. 
 
هەر لەو بارەوە ڤیان سەبرى، سەرۆکى فراکسیۆنى پارتى دیموکراتى کوردستان لە پەرلەمانى عێراق رۆژی دووشەممە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، بڕیار بوو ئەو شاندە هەفتەى رابردوو سەردانى هەولێر بکات و لەگەڵ سەرۆک بارزانى کۆببنەوە.
 
شوان محەممەد، ئەندامى پەرلەمانى عێراقیش لە فراکسیۆنى پارتى دیموکراتى کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە بە رووداوى گوت: "ئەو سەردانە دواى کۆبوونەوەى ئەمڕۆى پەرلەمانى عێراق ئەنجام دەدرێت".
 
پەرلەمانتارەکەی پارتی گوتی، پرسی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و هەندێک بابەتی پەیوەندیدار بە هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتەوە تاوتوێ دەکرێن. 
 
گوتەبێژى ئەنجوومەنى باڵاى ئیسلامیى عێراقیش گوتی، ئامانج لە کۆبوونەوەکەى شاندەکە لەگەڵ سەرۆک بارزانی گەیشتنە بە میکانیزمێک بۆ یەکلاکردنەوەى بەربژێرى سەرۆککۆمار و گوتیشى: "شاندەکە تەنیا سەردانى هەولێر دەکەن و لەگەڵ لایەنى دیکە کۆنابنەوە".
 
یەکێتى بەرهەم ساڵح و پارتى رێبەر ئەحمەدى بۆ پۆستى سەرۆککۆمار بەربژێر کردووە. هاوپەیمانیی چوارچێوەى هاوئاهەنگى دەیەوێت دوو پارتە سەرەکییەکەی باشووری کوردستان زوو بگەنە رێککەوتن بۆ یەکلاکردنەوەى ئەو پۆستە کە هەنگاوى یەکەمى پێکهێنانى حکومەتە بۆ ئەوەى بەربژێرى سەرۆکوەزیران رابسپێردرێت بۆ پێکهێنانى حکومەت.
 
24ى ئەیلوولى 2022 ، هاوپەیمانیى بەڕێوەبردنى دەوڵەت لەنێوان هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى، یەکێتى، پارتى، هاوپەیمانیی سەروەرى، عەزم و بابلیون واژۆکرا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە