رووداو دیجیتاڵ
وەزیری تەندروستیی عێراق رایگەیاند، هاوردەکردنی دەرمان بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییە دەگمەنەکان بەشێکی زۆری بودجەی وەزارەتەکە دەبات، کە ساڵانە دەگاتە نزیکەی 15٪ـی بودجەی کڕینی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی.
ساڵح حەسناوی، وەزیری تەندروستیی عێراق بە رۆژنامەی سەباحی عێراقی راگەیاند، ئەو دەرمانانەی هاوردەی دەکەن، بەپێی رێژەی دانیشتووان و پێویستی، بە یەکسانی بەسەر پارێزگاکاندا دابەشی دەکەن.
حەسناوی گوتی، لە بودجەی ئەمساڵدا یەک تریلیۆن و 651 ملیار دینار بۆ وەزارەتی تەندروستی تەرخانکراوە، کە 216 ملیار دیناری پشکی هەرێمی کوردستانە.
سەبارەت بە تێچووی چارەسەرکردنی ئەو کەسانەی نەخۆشیی دەگمەنیان هەیە، وەزیری تەندروستیی عێراق گوتی "ژمارەیان لە 500 کەس تێناپەڕێت، بەڵام نزیکەی 10٪ بۆ 15٪ـی بودجەی کۆمپانیای گشتی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان دەبەن."
هەروەها دەڵێت لە ماوەی رابردوودا کاریان لەسەر سێ گرێبەست کردووە بۆ 377 نەخۆشی درێژخایەن، دوای دانوستاندن و گفتوگۆ لەگەڵ کۆمپانیاکان، توانیویانە بەهای گرێبەستەکان بۆ 105 ملیار دینار دابەزێنن، کە ئەمەش دەکاتە 10٪ـی بودجەی کۆمپانیای دەرمان.
ئەلحەسناوی روونیشیکردەوە، گرێبەست هەیە، بڕێکی زۆر لە پارەی بودجە دەبەن، بەتایبەتی دەرمانی نەخۆشییە دەگمەنەکان، کە بەشێکی زۆری لە دەرەوە هاوردە دەکرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ