سزای لەسێدارەدان بۆ بکوژی ئەفسەرە کوردەکەی موسڵ دەرچوو

10-07-2023
هەستیار قادر
نیشانەکردن موسڵ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دادگاى تاوانەکانى نەینەوا، سزاى لەسێدارەدانى لەدژى ئەو کەسە دەرکرد کە نزیکەی چوار مانگ لەمەوبەر سەعد ئەترووشی، ئەفسەرى کوردى لە شارى موسڵ کوشت، کاتێک ئەو ئەفسەرە هەوڵى دەستگیرکردنی دەدا.
 
10ـی تەمموزى 2023، ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، دادگەى تاوانەکانى نەینەوا سزاى لەسێدارەدانى لەدژى مەروان خان ئەفدەل دەرکردووە، بەتۆمەتى کوشتنى عەمید سەعد ئەترووشی، کە بەڕێوەبەرى هەواڵگریى نیشتیمانى بوو لەو شارە. 
 
19ـی ئادارى 2023، سەعد ئەترووشی کە ئەفسەرێکى کورد بوو، لەکاتى هەوڵدان بۆ دەستگیرکردنى ئەندامانى باندێکى ساختەکردندا لە بەشى چەپى شارى موسڵ، کوژرا، هەر لەو رووداوەدا کارمەندێکى پۆلیسیش بریندار بوو.
 
ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریی عێراق، ئاماژەى بەوە داوە مەروان خان ئەفدەل بەگوێرەى مادەى 406ـی یاساى سزادانى عێراقى، سزاى لەسێدان دراوە کە تایبەتە بە کوشتنى بەمەبەست.
 
هەمان رۆژى رووداوى کوشتنى ئەفسەرە کوردەکە، وەزارەتى ناوخۆى عێراق دەستگیرکردنى مەروان خان ئەفدەلى رایگەراند کە دانیشتووى ناحیەى فایدەرى موسڵ بوو.
 
بەگوێرەى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى، سزادراوەکە سەرۆکایەتیى باندێکى کردووە کە تایبەتمەند بوون بە ساختەکردنى تۆمارى خانووبەرە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە