رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پەروەردەی عێراق رەتیکردەوە بە نیازبن تاقیکردنەوەی قۆناخی سێی ناوەندی دوابخەن، یاخود هەڵبوەشێننەوە. هاوکات کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی عێراقیش داوا دەکات تاقیکردنەوەی زانکۆکان بکرێتە ئەلیکترۆنی.
فەلاح قەیسی، بریکاری وەزارەتی پەروەردەی عێراق بۆ کاروباری کارگێڕی رایگەیاند، وەزارەتەکەیان بەنیاز نییە تاقیکردنەوەی قۆناخی سێی ناوەندی دوابخات، یاخود هەڵیوەشێنێتەوە، ئەوەشی لەو بارەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باسدەکرێت، پڕوپاگەندەیە بەمەبەستی ئاستەنگ دروستکردن لەبەردەم پرۆسەی پەروەردە و تاقیکردنەوەکان.
بریکاری وەزارەتی پەروەردەی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، لەلایەن لیژنەی هەمیشەیی تاقیکردنەوەکان وادەیەک بۆ تاقیکردنەوەی پۆلی سێی ناوەندی دیاریکراوە، وەزارەتیش بەردەوامە لە ئامادەکارییەکانی بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە.
فازڵ غەروای، ئەندامی کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤی عێراقی لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، نەوەی سێیەمی پاتەی کۆرۆنا بڵاوبووەتەوە و هەڕەشە لە ژیانی قوتابیانی زانکۆ دەکات.
غەراوی گوتیشی، نەبوونی پێویستییەکانی خۆپارێزی و وەرنەگرتنی ڤاکسین و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما بۆ سەرووی 50 پلە، هەموو ئەمانە دەری دەخەن کە دۆخەکە بۆ بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکان گونجاو نین، بۆیە لە ئەگەری بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکان، ئەوا وەزارەتی خوێندنی باڵا بەرپرسیارێتیی مرۆیی و یاسایی لە ئەستۆ دەگرن، ئەگەر بێتوو ژیانی قوتابیان بکەوێتە مەترسییەوە.
ئەندامەکەی کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤی عێراقی داوا دەکات تاقیکردنەوەی زانکۆکان بکرێنە ئەلیکترۆنی.
بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق، تاوەکو ئێستا 1 ملیۆن و 414 هەزار و 925 کەس لە عێراق و هەرێمی کوردستان تووشی کۆرۆنا بوون، 1 ملیۆن و 294 هەزار و 411 لەو تووشبووانە چاکبوونەتەوە، واتا 91.5%ی تێکڕای تووشبووان، هەروەها 103 هەزار و 38 تووشبووی کۆرۆنا هێشتا چارەسەر وەردەگرن، 644 لەو تووشبووانە لەژێر چاودێریی چڕدان، 17 هەزار و 476 تووشبووی کۆرۆناش گیانیان لەدەستداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ