رووداو دیجیتاڵ
بە بڕیارى وەزارەتى ناوخۆى عێراق، رسووماتى تۆمارکردنى ئۆتۆمبێل لە عێراق کرا بە نیوەى ئەو بڕەى پێشتر وەردەگیرا و چەند پێبژاردنێکى سزاکان هەڵگیران کە لەمڕۆوە جێبەجێدەکرێت.
بەگوێرەى نووسراوێکى بەڕێوەبەرایەتیى گشتى هاتووچۆى عێراق کە ئاراستەى دامەزراوەکانی سەر بەو بەڕێوەبەرایەتییەى کردووە، رەزامەندى سەرۆکوەزیرانى عێراقى پێ راگەیاندوون بۆ کەمکردنەوەى رسووماتى تۆمارکردنى ئۆتۆمبێل بە رێژەى 50% لە برى پارەى پێشووى.
لە خشتەى هاوپێچى نووسراوەکەدا نرخى رسووماتى تۆمارکردنى ئۆتۆمبێل بە 25 هەزار دینار دیاریکراوە، کە پێشتر 50 هەزار دینار بووە.
عەمید زیاد قەیسی، بەڕێوەبەرى راگەیاندن و پەیوەندییەکانى بەڕێوەبەرایەتیى گشتى هاتووچۆى عێراق ئەمڕۆ (دووشەممە، 10-4-2023) بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، لە 10ـی نیسانەوە کەمکردنەوەى رسووماتى سەر تۆمارکردنى ئۆتۆمبێل جێبەجێدەکرێت.
بەگوێرەى بڕیارەکە، رسووماتى مۆڵەتى شۆفێرى بەهەمان شێوە لە 50 هەزار دینارەوە دەکرێتە 25 هەزار دینار، ئەوە جگە لەوەى بڕیارێکى پێشوو هەڵوەشێندرایەوە کە تایبەت بوو بە دواخستنى پێبژاردن، کە بەهۆیەوە ئەگەر مانگێک تێپەڕبووایە، بڕەکەى دەکرایە دوو ئەوەندە.
عەمید زیاد قەیسی گوتی "ئەو بڕیارە لەسەر پێشنیازى بەڕێوەبەرایەتیى گشتى هاتووچۆ بووە بۆ کەمکردنەوەى قورسایی سەر شانى هاووڵاتیان، بەڵام بڕیارەکە باجى سەر هاوردەکردنى ئۆتۆمبێل ناگرێتەوە".
بەگوێرەى ئامارەکانى وەزارەتى پلاندانانى عێراق، زیاتر لە حەوت ملیۆن و 460 هەزار ئۆتۆمبێل لە عێراق تۆمار کراون بەو ئۆتۆمبێلانەشەوە کە تابلۆى پارێزگاکانى هەرێمى کوردستانیان پێوەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ