پێشبینیی شەپۆلێکی بارانبارین لە عێراق دەکرێت: 'ئاوی خواردنەوە هەڵبگرن'

10-04-2023
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پێشبینی دەکرێت شەپۆلێکى بارانبارین بەشی زۆری عێراق بگرێتەوە و بەرگریی شارستانیى عێراقیش دەخرێتە ئامادەباشیەوە.
 
عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پێشبینی دەکرێت لە 10ى نیسانەوە شەپۆلێکى بارانبارین سەرجەم پارێزگاکانى عێراق بگرێتەوە.
 
عامر جابری گوتیشى، پێشبینی دەکرێت رۆژانی 11 و 12ى مانگ بارانی بەلێزمە لە زۆربەی پارێزگاکانی عێراق ببارێت، تەنانەت لە چەند پارێزگایەکى رۆژئاوا و رۆژهەڵاتیش لافاو دروست ببێت. گوتیشی، پێشبینییەکە بەو جۆرەیە شەپۆلەکە تاوەکو 14ى نیسان بەردەوام دەبێت.
 
ئەوەش لە کاتێکدایە 9ى نیسان بەرگریی شارستانیى عێراق چەند رێنوێنییەکى بڵاوکردەوە بۆ خۆئامادەکردن بۆ ئەو شەپۆلە بارانبارینە و داوا لە هاووڵاتییان دەکات ئاوى پێویست بۆ خواردنەوە هەڵبگرن بۆئەوەى لە ئەگەری دروستبوونى لافاو و پیسبوونى ئاو، ئەو ئاوە بەکاربهێنن.
 
نەواس سەباح شاکر، هاوئاهەنگیکارى رۆژنامەڤانیى بەڕێوەبەرایەتیى بەرگریی شارستانیى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "بڵاوکردنەوەى ئەو رێنوێنییانە دواى ئەوە بوو کە لەلایەن دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراقەوە ئاگادارکراینەوە کە شەپۆلێکى بارانبارین عێراق دەگرێتەوە."
 
نەواس سەباح شاکر گوتیشى، "سەرجەم تیمەکانمان لە بەغدا و پارێزگاکانى دیکە خستووەتە ئامادەباشییەوە بۆ رزگارکردنى هاووڵاتییان و لابردنی ئاوى کۆبووەوە لەنێو ماڵەکاندا، لە ئەگەری دروستبوونی لافاو."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە