ژمارەیەک چالاکڤانی بەغدا بە نمایشی جلوبەرگ دژی داربڕینەوە دەوەستنەوە

10-03-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ژمارەیەک چالاکڤانی بەغدا لە رێگەی نمایشێکی جلوبەرگی دەستی دووەوە، دژی بڕینەوەی دار و کەمکردنەوەی رووبەڕی سەوزایی بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنان دەوەستنەوە. ئەوان دەیانەوێت خەڵک لە گۆڕانی کەشوهەوا و زیانەکانی هۆشیار بکەنەوە. رێکخەری چالاکییەکە رایگەیاند بەنیازن لە پارێزگاکانی دیکەی عێراقیش ئەو نمایشە بکەن.
 
رۆژی پێنجشەممە 9-3-2023، محەممەد قاسم، چالاکڤان و رێکخەری چالاکییەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێمە 25 گەنجی ناوچەی حوسەینییەی باکووری بەغداین، چالاکییەکمان بۆ نمایشکردنی جلوبەرگی دەستی دوو رێکخست کە ئامانجمان گەیاندنی چەند پەیامێکە، لەوانە دژایەتیکردنی بڕینەوەی دار بەتایبەت داری خورما و کەمکردنەوەی رێژەی سەوزایی لەپێناو دروستکردنی باڵەخانە و پڕۆژەکانی وەبەرهێنان، هەروەها بۆ گەیاندنی هۆشیاری لەبارەی گۆڕانی کەشوهەوا و زیانەکانی." 
 
محەممەد قاسم ئاماژەی بەوەدا تێچووی چالاکییەکە کە 1000 دۆلار بووە، خۆیان دابینیان کردووە.
 
سەفا حەیدەر، یەکێک لەو کچە چالاکڤانانەی بەشداریی لە چالاکییەکەیان کردبوو، بە رووداوی گوت: "مەبەست لەو نمایشەی ئێمە پەیامێکە بۆ هەمووان کە ئاگایان لە ژینگە بێت، بەتایبەت پشتێنەی سەوز، چونکە عێراق بەدەستی کێشەی ژینگەییەوە دەناڵێنێت بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و بەبیابانبوون و خۆڵبارین و وشکەساڵی، بۆیە دەبێت دارەکان نەبڕینەوە، بەتایبەت بەمدواییانە لەناوچەی کەڕادە لە بەغدا دەبینرێت کە چەندین دار بڕانەوە بۆ فراوانکردنی شەقامەکان، ئەوەش هەڵەیە، دەبێت هەموو ماڵێک هەوڵی بەلانی کەمەوە چاندنی دارێک بدات."
 
هەڵسوڕێنەرانی چالاکییەکە دەڵێن، بەنیازن لەسەرجەم پارێزگاکانی عێراق بەهەرێمی کوردستانیشەوە ئەو نمایشە بکەن، مەبەستیشیان لە هەڵبژاردنی نمایشی جلوبەرگ ئەوەیە گەنجان پتر گوێ بە جلوبەرگ دەدەن و تەماشای دەکەن، لەو رێگەیەوە دەیانەوێت پەیامەکانیان لێوەربگرن کە بە قسەی ئەوان زووتر دەگات.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە