رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی بزووتنەوەی حقووقی نزیک لە کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق داوا لە دادگەی باڵای فیدراڵی دەکات، ناوی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری بگۆڕێت و بیگەڕێنتەوە بۆ ناوەکەی پێشتری، کە دەستەی ریشەکێشکردنی بەعس بوو.
بەپێی خشتەی کۆبوونەوەکانی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، بڕیارە رۆژی 14ـی مانگی داهاتوو، دادگەکە بۆ تاوتوێکردنی سکاڵایەک کۆببێتەوە کە لەلایەن حوسێن موئنیس، سەرۆکی فراکسیۆنی حقووق، کە لە کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراقەوە نزیکە، کۆببێتەوە.
سکاڵاکە لەسەر سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، سەرۆککۆماری عێراق تۆمارکراوە.
سکاڵاکار لە سکاڵاکەدا داوایکردووە دادگەی فیدراڵی بڕگەی یەکەمی مادەی دوو و، مادەی 28ـی یاسای دەستەی نیشتمانیی باڵا بۆ لێپرسینەوە و دادپەروەریی ژمارە 10ـی ساڵی 2008 بە نادەستووری بزانێت، چونکە لەو دوو مادەیەدا ناوی دەستووریی دەستەی نیشتمانیی باڵا بۆ ریشەکێشەکردنی بەعس بۆ دەستەی نیشتمانیی باڵا بۆ لێپرسینەوە و دادپەروەری گۆڕاوە.
رۆژی چوارشەممە، 10-1-2024، دارا سێکانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق، لەبارەی سکاڵاکەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "ئەگەر ئەو بابەتە لە چوارچێوەی دەسەڵاتەکانی دادگەی فیدراڵیدا بێت، دەبێت یاسای دەستەکە هەموار بکرێتەوە و ناوەکەی بگۆڕدرێتەوە، یاساش لە سێ رێگەوە هەموار دەکرێتەوە، یان 50 پەرلەمانتار داواکاری پێشکێشی پەرلەمان بکەن، یان سەرۆککۆمار بینێرێت، یان سەرۆکوەزیران داوا بکات و بینێرێت."
دەستەی نیشتمانی باڵای لێپرسینەوە و دادپەروەریی عێراق، یەکێکە لە دەستە سەربەخۆکان لە عێراقدا، لە ساڵی 2008 یاسای بۆ دەرچووە، ئەرکی دوورخستنەوە و ریشەکێشکردنی بەعسییەکانە لە جومگە سەرەکییەکانی دەوڵەت و رێگریکردن لە وەرگرتنی پۆست و پلە، پێشتر ناوی دەستەی نیشتمانیی باڵا بۆ ریشەکێشەکردنی بەعس بوو، بەڵام دواتر گۆڕدرا.
حیزبی بەعس لە ساڵى 1968 دەسەڵاتى لە عێراق گرتەدەست و لە ساڵى 2003 هێزەکانى ئەمریکا و هاوپەیمانەکانى کۆتاییان بە دەسەڵاتەکەى هێنا، بە یاسا کار و چالاکیی سیاسى لێ قەدەخە کرا. بەشێک لە سەرانی بەعس لەوانەش خێزانی سەدام حوسێن، پەنایان بۆ ئوردن بردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ