رووداو - هەولێر
سەرۆکی دەستەی ناوەندیی رەوانەکردنی زیارەتکارانی ئێران بۆ رێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێن دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، گەشتکردنی زیارەتکاران لە رێگەی سنوورە وشکانییەکانیان راگرتووە.
مەجید میرئەحمەدی، سەرۆکی دەستەی ناوەندیی رەوانەکردنی زیارەتکارانی ئێران دەڵێت، زیارەتکاران دوای پەڕینەوە لە سنوورەکانی ئێران کێشەی زۆریان هەیە و عێراق توانای گواستنەوەی ئەو هەموو زیارەتکارەی نییە و هەوڵەکانی ئێرانیش بۆ رەوانەکردنی کەرەستەی گواستنەوە بۆ عێراق بێ ئەنجام بووە.
میرئەحمەدی دەشڵێت، کرێی گواستنەوە لە سنوورەکانەوە بەرەو کەربەلا و نەجەف چەند هێندە بەرزبووەتەوە. سەرۆکی دەستەی ناوەندیی رەوانەکردنی زیارەتکارانی ئێران هەروەها گوتی، ئەو زیارەتکارانەشی لە سنوور پەڕیونەتەوە، کێشەی کەمیی خزمەتگوزارییان هەیە.
بەگوتەی میرئەحمەدی، ئەگەر بتوانن کێشەی گواستنەوە و خزمەتگوزاری تاوەکو 48 کاژێری دیکە چارەسەر بکەن، پێداچوونەوە بە بڕیاری راگرتنی ناردنی زیارەتکاران بە سنوورە وشکانییەکاندا دەکەن.
ئەو دەستەیە ئاماژە بەوەش دەکات، لە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینییەوە چوونی گەشتیار بۆ سنوورە وشکانییەکان قەدەخە کراوە و تەنیا ئەو گەشتیارانە دەپەڕنەوە کە پێش بڕیارەکە لە سنوورەکان بوون.
ئەمساڵ دەروازەکانی شەلەمچە و چەزابه لە خوزستان، مێهران لە ئیلام، خوسرەوی لە کرماشان، باشماخ لە سنە و حاجی ئۆمەران لە ورمێ بۆ چوون و گەڕانەوەی زیارەتکاران دیاریکراوە. تاوەکو ئێستا تەنیا لە دەروازەی مێهران نزیکەی یەک ملیۆن زیارەتکار گەشتیانکردووە.
پێشبینیی کراوە ئەمساڵ پێنج ملیۆن کەس لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی ماتەمگێڕانی چلەی ئیمام حوسێن سەردانی کەربەلا و نەجەف بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ