رووداو - هەولێر
ئیبراهیم ساعدی ئۆتۆمبێلی بەگی لەکاتی کەرەنتین و قەدەخەی هاتووچۆ دروستکردووە، ئەو وەستایەکی دەستڕەنگینی راستکردنەوەی ئۆتۆمبێلە زیانبەرکەوتووەکانە.
ئیبراهیم ساعدی دانیشتووی حللەیە و دەڵێ "خولیای من بۆ کاری میکانیکی گەیشتووەتە ئەو قۆناخەی ئەمە دروستبکەم. بەدڵنیاییەوە خۆشەویستیشم بۆ یاریی پەبجی یارمەتیدام ئۆتۆمبێل بەم شێوازە دروستبکەم".
یاریی پەبجی لە جیهاندا نزیکەی 30 ملیۆن بەکارهێنەری هەیە، زۆربەی بەکارهێنەرانی زۆرترین کات بە یارییەکە بەسەردەبەن و لە چەند وڵاتێکی ئیسلامیدا بەهۆی ئەوەی کاتی زۆری خەڵک بەفیڕۆدەدات، یارییەکە حەرام کراوە، بەڵام ئەم پیاوە عێراقییە لایەنە ئەرێنییەکەی یارییەکەی هەڵبژاردووە.
ئیبراهیم ساعدی دەشڵێ "یارییەکە لایەنی ئەرێنی و نەرێنیی هەیە، مرۆڤ دەتوانێ بە دڵی خۆی کۆنترۆڵی ئەو لایەنانەی بکات. لایەنە نەرێنییەکە ئەوەیە تۆ لەبری خوێندن و کارکردن و بەسەربردنی کات لەگەڵ خانەوادەکەت، کاتی خۆت دەکوژی، لەکاتێکدا لایەنی باشی ئەوەیە کە من کردوومە، لە یارییەکە سوودمەندبووم و لایەنێکی ئەرێنیم لێی دەرهێناوە کە سوودی بۆ کۆمەڵگە هەیە، توانیم ئەو ئۆتۆمبێلە رێک لەسەر شێوەی پەبجی دروستبکەمەوە".
ئیبراهیم 400 دۆلاری لە ئۆتۆمبێلەکە خەرجکردووە تاوەکو بە هاوکاریی باوکی دروستیکردووە و دەڵێ، کۆرۆنا نەمێنێت دەست بە کاری جوانکاری بۆ ئۆتۆمبێلەکەی دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ