رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق داوا لە دەزگا ئەمنییەکان دەکات، سەرکردەکانی حیزبی بەعس دەستگیربکەن و هەژمارە ئەلیکترۆنییەکانیشیان هاک بکەن. ئەندامێکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت: "حیزبی بەعس لە چەندین شوێن و وێستگە، هەوڵی قۆستنەوەی رووداوەکان دەدات".
بەپێی نووسراێک کە رۆژی 19-2-2023، لەلایەن عەبدولکەریم عەبدولحەسەن وجر، سکرتێری فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لەبارەی "هەڵسەنگاندنی ساڵانەی هەواڵگریی"ـیەوە واژۆکراوە و بەم دواییە لە میدیاکان بڵاوبووەتەوە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی حیزبی بەعس لە عێراق ژمارەیەک داواکاریی لە دەزگا ئەمنییەکانی "فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و وەزارەتی بەرگریی و ناوخۆ و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی کردووە.
لە نووسراوەکەدا سوودانی داوایکردووە:
- هەوڵە هەواڵگرییەکان بۆ دەستگیرکردنی سەرکردەکانی حیزبی بەعسی قەدەخەکراو چڕبکرێنەوە.
- کاراکردنی یاسای قەدەخەکردنی حیزبی بەعس بەرامبەر بەو کەس و لایەنانەی, بانگەشە بۆ بیر و باوەڕەکانی بەعس دەکەن.
-چالاککردنەوەی هاوئاهەنگی لەنێوان دەزگا هەواڵگرییەکان لەبارەی ئاڵوگۆڕکردنی تێڕوانین و هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییەکان بۆ هەڵسەنگاندنی مەترسییەکانی بەعس.
-بەدواداچوون و شکاندنی هەژمارە ئەلیکترۆنییەکانی بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت، ئەوانەی سەر بەو حیزبە قەدەخەکراوەن و گەیشتن بە فەرمانگەی پەیوەندییەکانیان لەنێوخۆ و دەرەوەی عێراق.
-زیادکردنی هەوڵە هەواڵگرییەکان بۆ بەدواداچوونی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ئەوانەی، کە بەشداریی خۆپێشاندانەکان دەکەن بۆ رێگەگرتن لە زیادکردنی توانای بەعسییەکان و ئەو لایەنانەی بەکاریدەهێنن.
-ئامادەکردنی ستراتیژییەتێکی میدیایی بۆ رووبەڕووبوونەوەی حیزبی بەعس و جێبەجێکردنی لەماوەی هاوئاهەنگی لەنێوان تۆڕی میدیایی عێراقی و شانەی دەروونیی ستراتیژی.
عارف حەمامی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "حیزبی بەعس دەیەوێت بۆشاییەکان بقۆزێتەوە بۆ ئەوەی بە هاوکاریی داعش هێزەکانی رێکبخاتەوە و پێکەوە دەستکەوتەکانی عێراق لەنێوببەن، بۆیە چەندین کار و کردەوەی گێرەشێوێنی و تیرۆریستی دەکەن، دەبێت حکومەت و خەڵکی عێراقیش رووبەڕووی ئەو بیروباوەڕە ببنەوە و لەناوی ببەن".
ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی: "چەندین بەڵگە لەبەردەستی دەزگا ئەمنییەکان هەن، کە دەیسەلمێننن حیزبی بەعس دەیەوێت هەموو کارێک بکات بۆ ئەوەی دژایەتی هێزە ئەمنییەکان بکات و گورز بووەشێنێت".
حیزبی بەعسی عەرەبی ئیشتراكی، قیادەی قوتری عێراق، لە ساڵی 1952 دامەزراوە، بەشداری شۆڕشی ساڵی 1958ـی كردووە، ئەفسەرانی حیزبی بەعس لە 8ـی شوباتی 1963 كودەتایەكیان بەسەر عەبدولكەریم قاسمدا كرد. ئەو حیزبە 35 ساڵ حكومی عێراقی كرد، لە ساڵی 2003 لەسەر دەستی ئەمریكییەكان شکستی هێنا، زۆربەی سەركردە باڵاكانیشی لەلایەن هێزەكانی ئەمریكاوە دەستگیركران و لەلایەن دادگایی باڵای تاوانەكانی عێراقەوە دادگایی كران و هەندێکیان لە سێدارەدران، لەوانەش سەدام حوسێن.
پەرلەمانی عێراق له دانیشتنی رۆژی شەممە 3-7- 2016، پڕۆژەیاسای قەدەخەكردنی حیزبی بەعسی هەڵوەشاوە و گرووپە پەڕگیرەکانی پەسندكرد.
حەیدەر عەبادی، کە ئەوکات سەرۆكوەزیرانی عێراق بوو رایگەیاند: "قەدەخەكردنی حیزبی بەعس سەركەوتنێكە بۆ گەل و بنەماڵەی شەهیدانی عێراق، چونكە ئەو حیزبە لەكاتی دەسەڵاتداریێتیدا قێزەونترین تاوانی کردووە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ