رووداو دیجیتاڵ
چەکدارانی داعش لە ناوچە جیاوازەکانی عێراق و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان خۆیان رێکخستووەتەوەو بەرپرسانی ئەمنیی عێراق و کوردستانیش کۆکن لەسەر ئەوەیە "داعش بووەتەوە مەترسییەکی جیددی". ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، ئەو رۆژەی حەیدەر عەبادی "کۆتاییهاتن"ی داعشی لە عێراق راگەیاند، ئەوان "هۆشداری"یان داوە، کە "داعش دەگەڕێتەوە".
شەوی رابردوو بەغدای پایتەختی عێراق بووە گۆڕەپانی نمایشی سەربازیی چەکدارانی گرووپی سەرایای سەلامی سەر بە رەوتی سەدر، لە نەجەف و کەربەلاش هەمان ئەو نمایشە بینرا، کە لەسەر داوای موقتەدا سەدر، رابەری رەوتی سەدر بوو، پاساوەکەش گوایە هەڕەشەی داعش و حیزبی بەعس بوو بۆ هێرشکردنەسەر مەزارگە پیرۆزەکانی شیعە و سوننە لە عێراق.
970 هێرش لە سێ ساڵدا
جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، لە کاژێری یەکەمی بووڵتەنی نیوڕۆژی تەلەڤزیۆنی رووداو لەبارەی مەترسیی داعش لە عێراق و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان قسەی کرد، ئەو ناوچانەی بەوە ناسراون ، کە ناوچەیەکن بۆشایی ئەمنییان تێدایە بەهۆی نەبوونی هاوئاهەنگی لەنێوان سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە، کە دواجار بوونەتە مۆڵگەی داعش و شوێنی تەراتێن و خۆڕێکخستنەوەیان.
جەبار یاوەر رایگەیاند، "لە ساڵی 2017ەوە جووڵەی داعش بەردەوام هەر هەبووە". ئەوەشی گوت، کە ئەوکاتەی حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق وەک فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بەیاننامەی کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعشی راگەیاند و کۆتاییهاتنی ئەو رێکخراوەی راگەیاندووە، "هەر ئەوکاتە ئێمە لە وەزارەتی پێشمەرگە هۆشدارییمان دا، کە داعش ئەمارەتەکەی نەماوە، ئەگینا وەک هزر و چەکدار ماوەو خۆیشی رێکدەخاتەوەو کۆتایی نەهاتووە".
بەپێی ئەو ئامارەی ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە بە رووداوی دا، لە سێ ساڵی رابردوودا تەنیا لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان داعش 970 هێرشی ئەنجامداوە، بەمشێوەیە:
ساڵی 2018 : 456 هێرش، کە بووەتە هۆی کوژران، برینداربوون و رفاندنی 1742 کەس.
ساڵی 2019: 270 هێرش، کە بووەتە هۆی، کوژران، برینداربوون و رفاندنی 1260 کەس.
ساڵی 2020: 230 هێرش، کە بووەتە هۆی کوژران، برینداربوون و رفاندنی 812 کەس.
مانگی 1ی ئەمساڵی 2021: نزیکەی 14 هێرش و 150 کوژراو و بریندار.
جەبار یاوەر دەڵێت: "ئەو زیادبوونە لە مانگی یەکی ئەمساڵدا جێی تێبینییە و پەیوەستە بە هەلومەرجی تایبەتی عێراق لەم کاتەدا، بەتایبەت ناکۆکیی نێو کوتلەکانی عێراق لەنێوان سوننە و شیعە و هەروەها ناکۆکییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق، چونکە داعش لەکاتی ئەو ناکۆکییانەدا هەوڵدەدات شانەکانی تووندوتۆڵ بکاتەوە و دۆخەکە ئاڵۆزتر بکات".
چەکدارانی سەرایا سەلام لە بەغدا
"کوشتنی والی داعش مەترسییەکەی کەمنەکردووەتەوە"
ناسر هەرکی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، هاوڕایە لەگەڵ ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، کە هۆکارێکی زیادبوونی جموجووڵەکانی داعش لە ناوچە کوردستانییەکان نەبوونی هاوئاهەنگی نێوان هێزەکانی عێراق و هێزەکانی پێشمەرگەیە.
ناسر هەرکی، کە ئەمڕۆ لە کاژێر 09:00ی بەیانی بۆ رادیۆی رووداو قسەی کرد، گوتیشی: "ململانێ سیاسییەکان و نەبوونی هاوئاهەنگی ئەمنیی لەنێوان پێشمەرگە و سوپا لە ناوچەکە هۆکاری زیادبوونی کردە چەکدارییەکانی داعشن". دەشڵێ: "بە کوشتنی والییەکانی داعش لە عێراق لە کوردستان مەترسی داعش کەمنەبووەتەوە، بەڵکو زیاتر بووە".
بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەکانی عێراق و لیژنەی ئاسایش و بەرگریی، هەروەکو پێشتر داعش لە عێراق بەهێز بووەتەوە، بەهەمانشێوە لە سوریا و شانە نووستووەکانیشیان لە تورکیا چالاکبوونەتەوە. ئەو شوێنەشی زۆرترین چالاکی تێدادەکات لە عێراق، سێگۆشەی نێوان کەرکووک، دیالە و سەڵاحەددینە. ناسر هەرکی دەڵێت: "تاوەکو ئێستا لەلایەن حکومەتی عێراق و هاوپەیمانان بەرنامەیەکی تۆکمە نییە بۆ پاراستنی ئەو ناوچانە".
"بەعاج و رەبیعە دوو شوێنی مەترسیدارن بۆ هێرشی داعش"
ناسر هەرکی لە وەڵامی پرسیاری رووداو سەبارەت بەوەی ئێستا مەترسی هێرشی داعش لە کام ناوچانەی عێراق زۆرە، گوتی: "لە بەعاج و رەبیعە مەترسی هێرشی داعش هەیە، تەنانەت لە هەندێک ناوچە داعش و هێزە عێراقییەکان بەرامبەر یەکدی وەستاون".
ئەندامەکەی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی چەند هۆکارێکی دیکەی سیاسی و ئەمنی باسکردن، کە بوونەتە هۆی بەهێزبوونەوەی داعش، یەکێک لەوانە مووشەکە بێ ئامانجەکانی ئەمریکا بە هۆکار دەزانێ و دەڵێت: "ئەو مووشەکە بێسەروبەرانە لەلایەن هێزەکانی ئەمریکا ئاراستەی هەندێک ناوچەی عێراق کران، هەندێکجار جگە لە بە ئامانجکردنی خەڵکی سڤیل، هیچ کاریگەریی نەبوو، چونکە لە رووی هەواڵگرییەوە زانیاریی وردیان نەبوو، ئەمەش داعشی زیاتر هاندا".
هەروەک چۆن جەبار یاوەر ئاماژەی بە ناکۆکی لایەنە سیاسییەکان کرد و داعش ئەو ناکۆکییە سیاسییانە دەقۆزێتەوە، ناسر هەرکیش دەڵێت: "نەویستنی بەرژەوەندی عێراق لە لایەن سیاسییەکانی عێراقەوە ئەو دۆخەی دروستکردووە". لەپاڵ ئەوەشدا رەخنە لە گۆڕانکارییە ئەمنییەکانی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەگرێت، کە دوای تەقینەوەکانی بەغدا کردنی و دەڵێت "بڕیارەکان بەپەلە بوون و لە جێگەی خۆیدا نەبوو". بە ئاماژەدان بەوەی؛ کازمی، بەرپرسی هێزەکانی پۆلیسی لە ناوچەکە گۆڕیوە لە کاتێکدا گوتوویەتی "هێزەکانی من ئەرکی پاراستنی نێو بەغدایان لەسەر نییە، بەڵکو ئەرکی پاراستنی پارێزگاکانیان لەسەرە". رەخنەیەکی دیکەشی لەبارەی بڕیارەکانی کازمی جگە لە پەلەکردن، ئەوەیە کە "دەبوو گۆڕانکارییەکان لیژنەی لێکۆلێنەوە بیکردنایە نەک راستەوخۆ کازمی بڕیاربدات، بەوشێوەیە ئارامیی بۆ عێراق ناگەڕێتەوە".
دابەشبوونی هێزی ئەمنی لە عێراق جێی نیگەرانی پسپۆڕانی ئەو بوارەیە. ناسر هەرکی دەڵێت : "دەبێت هێزە سەربازییەکان لە دەرەوەی شار بن، کەچی ئەو ناوچانەی نائارامی تێدا زۆرە دەبینین هێزە ئەمنییەکان لە ناو شارانەدا زۆرن، کە ئەمەش تەواوی دەسەڵاتی سەربازی عێراق دەخاتە ژێر پرسیارەوە".
هەر پەیوەست بەو بابەتە و جووڵاندنی هێزی سەرایا سەلام لە شەوی رابردوو لە شارەکانی بەغدا، نەجەف و کەربەلا. جەبار یاوەر گوتی: "ئەوەی ئێستا لە بەغدا روودەدات و سەرایا سەلام دەیکات و بەناوی گومانی داعشی بەعسی، من گومانم هەیە و بە خۆپێشاندانی چەکداریی دەزانم، بەوەی دەزانم پێشاندانی دەسەڵاتە لەو ناکۆکییانەدا، وەکو رای تایبەتی خۆم وادەڵێم، ئەگەر زانیاریی هەبێت لەبارەی هێرشی داعش ، ئەوا پێویستی بەو خۆپێشاندانە سەربازییە نەبوو، ئەوە کاری دەزگا ئەمنییەکانە، دەبوو دژەتیرۆر و پۆلیس ئەو رێکارانە بگربنەبەر".
بۆچی ناوەندی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش دروستناکرێت؟
ئەوە پرسیارێکی سەنگەر عەبدولرەحمان، پێشکێشکاری بووڵتەنی نیوڕۆژ بوو، کە ئاراستەی جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی کرد، لە وەڵامدا گوتی: "لەدوای ساڵی 2003ەوە ئەوە کێشەمانە لەگەڵ حکومەتی عێراق ، کە هەمیشە لە رێککەوتنەکان پەشیمان دەبنەوە، هەر بەهەمانشێوەی رێککەوتنە سیاسییەکان، هەموو جارێک کە دەگەینە رێککەوتن و واژۆ دەکرێت، ئەوان پەشیمان دەبنەوە، رێکنەکەوتنە سیاسییەکانیش کاریگەری لەسەر رێککەوتنە ئەمنییەکانیش دەبێت، چونکە بەغدا هەموو شتێك پێکەوە دەبەستێتەوە".
شەوی دووشەممە 8-2-2021 محەممەد ساڵح ئەلعێراقی، کە ناسراوە بەوەی خودی موقتەدا سەدر خۆیەتی، لە هەژماری خۆیدا لە تویتەر رایگەیاند: "زانیاریی نیمچە باوەڕپێکراومان پێگەیشتووە، کە رێککەوتنێک لە نێوان بەعس و داعش کراوە بۆ هێرشکردنەسەر چەند پیرۆزییەک لە نەجەفی پیرۆز و کەربەلای پیرۆز و بەغدای پایتەخت، لە کاتێکدا ئەوە تەنیا بۆ بەئامانجکردنی مەزارگەکانی شیعە نییە، ئەگەر رەوا بێت وا بڵێین، ئەوەش بۆ نانەوەی ئاشووب و پشێوییە، بۆیە ئاگاداربن".
پێش ئەو ئاگادارییە چەکدارانی گرووپی سەرایا سەلام رژانە سەر شەقامەکانی بەغدا و نەجەف و کەربەلا، ئەوەش دڵەڕاوکێی زۆری لای خەڵک دروستکرد، بۆیە زۆری پێنەچوو، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، "بونیادنان بە زێدەڕۆییکردنەسەر پیرۆزییە ئاینی و نیشتمانییەكان و لێدانی دامەزراوەكان و رێگاگرتن ناكرێت، بۆیە چاوپۆشی لە زێدەڕۆییەکان ناكەین".
ئەم جووڵەیەی موقتەدا سەدر، رابەری رەوتی سەدر، جیا لە ئەگەری ئەوەی لە وەڵامی هەڕەشەیەکی ئەمنی بێت، لە هەمانکاتدا بە پەیامێکی سیاسی بۆ رکابەرانی دەخوێندرێتەوە، لە کاتێکدا لایەنە سیاسییەکانی عێراق بانگەشەی پێشوەختیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستپێکردووە، کە بڕیارە لە مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵدا بکرێت.
رەوتی سەدر لە رێگەی پەرلەمانتار و بەرپرسانی چەند جارێک رایگەیاندووە کە دەبێت سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق سەر بە رەوتەکەیان بێت، ئەو نمایشەش دەرخەری ئەوەیە ئەگەر ئەو خواستەیان نەیەتەدی، ئەوا بە ئاسانی دەتوانن ئارامی عێراق بشێوێنن. هەرچەندە نمایشەکە بەمەبەستی رێگەگرتن لە هێرشی داعش و تێکچوونی ئارامی بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ