بەڕێوەبەری نووسینگەکەی عادل عەبدولمەهدی بە لەناوبردنی 'بەڵگەنامە گرنگەکان' تۆمەتبار دەکرێت

08-09-2020
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن عادل عەبدولمەهدی عێراق
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرچاوە عێراقییەکان، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە ئاشکرایانکرد، لێکۆڵینەوە لەبارەی دیارنەمانی بەڵگەنامە و نووسراوە فەرمییەکانی تایبەت بە کارەکانی حکومەتی عادل عەبدولمەهدی دەستیپێکردووە.
 
حکومەتی پێشووی عێراق، لەلایەن عادل عەبدولمەهدییەوە سەرۆکایەتی دەکرا، لە کانوونی یەکەمی ئەمساڵدا لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە دەستلەکارکێشانەوەی پەسندکرا، پاش تەقینەوەی خۆپێشاندانە ناڕەزایەتییەکان لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق.
 
ئەندامانی نووسینگەکەی عەبدولمەهدی تۆمەتبارن بە شاردنەوە و بزرکردنی بەڵگەنامەکان، کە پەیوەندییان بە دۆسێ دارایی و ئاسایشییەکانەوە هەیە، جیا لە سەرپێچی کارگێڕیی و یاسایی.
 
ئەبوو جیهاد ئەلهاشمی، بەڕێوەبەری نووسینگەی عەبدولمەهدی، بەتایبەت تۆمەتبارکراوە لە دیارنەمانی بەڵگەنامە و نووسراوەکاندا. ئەبو٢ جیهاد هەروەها تۆمەتبارە بەتێوەگلان، لە دۆسێی سەرکوتی خۆپێشاندەرەکان و فەرمان دەرکردن بۆ هێزە ئەمنییەکان، بەبێ ئەوەی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی عێراق ئاگادار بێت.
 
ئەندامێکی دیاری پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەری 'ئەلعەرەبی ئەلیەوم'ی راگەیاندووە، کە بەڵگەنامە و داواکاری و نووسراوە فەرمییەکان، کە دەبوو لە ئەنجوومەنی وەزیران و بەتایبەت نووسینگەی سەرۆکوەزیراندا بن، دیارنەماون یان لەناوبراون، لەلایەن حکومەتی پێشووی دەستلەکارکێشاوەوە، بەر لەوەی رادەستی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی نوێ دەستبەکاربێت.
 
بەپێی هەمان سەرچاوە، لێکۆڵینەوە لە دیارنەمانی ئەو نووسراوانە دەکرێت، کە هەندێکی دیکەیان پەیوەندییان بە دۆسیەی ئاسایش، دارایی و فەرمانی دامەزراندن و گرێبەستەکانەوە هەیە، کە حکومەتی ئێستا لە ئەرشیڤی حکومەتدا نایاندۆزێتەوە.
 
ئەو ئەندام پەرلەمانە کە پێیباشبووە ناوی ئاشکرا نەکرێت، گوتویەتی: "گومانی زۆر لە ئەبوو جیهاد ئەلهاشمی، بەڕێوەبەری نووسینگەی عەبدولمەهدی دەکرێت، کە لەگەڵ دەستلەکارکێشانەوەی حکومەتدا دەستیلەکارکێشاوەتەوە، بەڵام لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی پێشوودا ماوەتەوە، تاوەکو ئەوکاتەی ناوچەی سەوزی بەجێشتووە".
 
ئەو ئاشکرایکردووە، لێکۆڵینەوە دەستی پێکردووە بۆ زانینی هۆکاری دیارنەمانی بەڵگەنامەکان، بەتایبەت کە هەندێکیان بەهۆیانەوە بڕیار و رێوشوێن گیراونەتەبەر لەو کاتەدا، هەروەها هەندێکیان بابەتی گەندەڵی و نیازخراپییان تێدا سەلماوە و سەرۆکوەزیرانی ئێستا، مستەفا کازمی، ئامادە نییە دەرئەنجامەکانیان لە ئەستۆ بگرێت.
 
بەڕێوەبەری نووسینگەکەی عەبدولمەهدی مشتومڕی زۆری لەسەربوو، بەتایبەت لە بارەی چالاکییەکانی و ئەو کارانەی دەیکردن. هەندێک کەس ئەویان بە دەسەڵاتداری راستەقینەی عێراق لە سەردەمی عەبدولمەهدیدا ناودەبرد.
 
حکومەتی مەهدی کە لە 25ی تشرینی یەکەمی 2018 تاوەکو کانوونی یەکەمی 2019 لە دەسەڵات بوو. چەندین تۆمەتی وەک گەندەڵی و خراپ ئیدارەدان و پلاندانانی خراپی دراوەتە پاڵ، ئەمە جیا لە هۆکاربوون بۆ فراوانبوونی دەسەڵاتی میلیشیاکان لە دامەزراوە فەرمییەکانی عێراقدا. جیا لە تێوەگلان لە دۆسیەی کوشتنی خۆپێشاندەرانی سڤیل کە ژمارەیان 700 کوژراوە و لە نێویاندا چەندین 'هەرزەکار' هەیە، هەروەها برینداربوونی 270 هەزار خۆپێشاندەر بەپێی راپۆرتە پزیشکی و مافناسییەکانی عێراق. لە هەمانکاتدا رفاندنی دەیان چالاکڤان و رۆژنامەڤان، کە تائێستا چارەنووسی  زۆربەیان دیار نییە.
 
هەفتەی پێشوو، ئەنجوومەنی دادوەریی باڵای عێراق، بڕیاریدا هەردوو وەزیری ناوخۆ و بەرگری لە حکومەتەکەی عەبدولمەهدی، لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە دۆسێی کوشتنی خۆپێشاندەرەکاندا، بانگهێشت بکات.
 
حوزەیرانی ساڵی رابردوو، غالب شابەندەر، سیاسەتمەداری عێراقی، گوتی کە ئەبوو جیهاد ئەلهاشمی، "دەسەڵاتداری راستەقینەی عێراقە نەک عادل عەبدولمەهدی"، لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا گوتیشی "هاشمی هەموو ئەو بڕیارانە بەسەر عەبدولمەهدیدا دەسەپێنێت، کە ئێران داوای دەکات".
 
ئەحمەد ئەلنعێمی، پسپۆری کاروباری سیاسی عێراق، دەڵێ بابەتی شاردنەوە و بزرکردنی بەڵگەنامەکان لە هەموو حکومەتەکانی پێشوودا روویانداوە، بەتایبەت حکومەتی نوری مالیکی لە ساڵانی نێوان 2010 تاوەکو 2014. لەبەرئەوەی ئەو ماوەیە زۆرترین پێشێلکاری یاسایی و گەندەڵیی دارایی بەخۆوە بینیووە. لەبەرئەوە بەدڵنیاییەوە لە حکومەتی عەبدولمەهدیشدا، هەمان شت دووبارە بووەتەوە، بەبەڵگەی ئەوەی کە خوێناویترین سەردەمی بەخۆوە بینی لەگەڵ زۆرترین رووداودا.
 
ئەو دەڵێ رووداوەکانی سەردەمی ئەو حکومەتە زۆر بوون، لە کوشتنی خۆپێشاندەرەکانەوە دەستپێدەکات، تاوەکو کوشتنی قاسم سولەیمانی لە بەغدا و هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق. جیا لە سەرپێچییە داراییەکان و داخورانی گەورەی دامەزراوە و وەزارەتەکان لە سەردەمی ئەو حکومەتەدا کە بووە هۆی گەندەڵی و بەهەدەردانی ماڵی گشتی.
 
ئەو بە 'ئەلعەرەبی ئەلجەدید'ی راگەیاندووە "خاوێنکردنەوەکە و لەناوبردنی دۆکۆمێنتەکان، تەنیا نووسینگەی سەرۆکوەزیرانیان نەگرتووەتەوە، بەڵکو بۆ ئاستی وەزیرەکان و بریکارەکانیان دابەزیووە. هەموو بەرپرسێک کە نزیکدەبێتەوە لە بەجێهێشتنی پۆستەکەی، هەموو ئەو بەڵگەنامانە لەناودەبات، کە بۆی هەیە لە دوا رۆژدا ببێتە هۆکاری لێپێچینەوە یان بەڵگەیەک لەسەری".
 
ئەو پێیوایە ئەوەی دارودەستەکەی عەبدولمەهدی بەناوی ئەوەوە کردوویانە "یەکەمین گەندەڵیی بەرچاوە بەو قەبارەیە لە عێراقدا، چونکە سەرۆکوەزیرانی پێشوو، لەلایەن یاریدەدەرەکانییەوە بەکاردەهێنرا، بۆ بەڕێکردنی بابەت و رێوشوێن و بڕیارە نایاساییەکان، کە زیانی بە ماڵی گشتی و یاسا و مافەکانی مرۆڤ لە عێراق گەیاندووە، لە بەرژەوەندیی هێزە بەدەسەڵاتەکانی میلیشیا چەکدارییەکانی لایەنگری ئێران".
 

ئەبوو جیهاد، بەڕێوەبەری پێشووی نووسینگەی سەرۆکوەزیارانی پێشووی عێراق

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دروستکردنی قوللەیەک لەسەر سنوور. وێنە: وەزارەتی ناوخۆی عێراق،

قوللەی چاودێری و کامێرای گەرمبین لەسەر سنووری رۆژهەڵات و باشووری کوردستان جێگیر دەکرێن

گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، کارەکانی پاسەوانی سنوور لە پارێزگای سلێمانی بۆ کردنەوەی رێگەکانی سنوور بەردەوامە و جگە لە دانانی قوللەی چاودێری، کامێرای گەرمبینیش بۆ چاودێریکردنی سنوورەکان لەگەڵ ئێران دادەنرێن.