رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداربوون لە دوو رێوڕەسمدا لە بەغدایە و لەگەڵ چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراقیش کۆدەبێتەوە. سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، نێچیرڤان بارزانی لە کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکات.
ئەمڕۆ شەممە، 8ـی نیسانی 2023، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا. بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دوای بەشداربوونی لە رێوڕەسمێکی تایبەت بە 42 ساڵەی دامەزراندنی رێکخراوی بەدر، ئێوارەی ئەمڕۆ بەشداری رێوڕەسمی تایبەت بە ساڵیادی تیرۆرکردنی "محەممەد باقر سەدر" دەکات. سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، لایەنە عێراقییەکان بە گرنگییەوە لە سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڕوانن.
فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بە هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداوی گوت، ئەمڕۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هەریەکە لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق، محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و فایەق زەیدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق کۆدەبێتەوە.
فەوزی هەریری ئاماژەی بەوەشکرد کە سەرۆکوەزیرانی عێراق ئێوارەخوانێکی بەربانگ رێکدەخات و تێیدا نێچیرڤان بارزانی ئامادە دەبێت. گوتیشی، باسکردن لە هەناردەکردنەوەی نەوت و وردەکارییەکانی کاری حکومەتی هەرێمی کوردستانە، "بەڵام بەهۆی ئەوەی سەرۆکوەزیرانی پێشوو بووە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان شارەزایی باشی لە بوارەکەدا هەیە و بە دڵنیاییەوە لەگەڵ سوودانی باسی هەناردەکردنەوەی نەوت دەکات".
فەوزی هەریری باسی لەوەشکرد کە بە گەرمی بە خێرهاتنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا کراوە. بە گوتەی ئەو، دوای رێککەوتنی بەغدا و هەولێر، لایەنە عێراقییەکان بە گرنگییەوە لە سەردانەکە دەڕوانن.
بەهۆی رووداوەکەی دوێنێی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانییەوە، چەند راگەیێندراوێکی تووند دەرکران. فەوزی هەریری گوتی، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵدایە دۆخەکە هێور بکاتەوە.
پێشتر و رۆژی 21-1-2023، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و چەند کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا، لەنێویاندا لەگەڵ سەرۆکوەزیران و سەرۆکی پەرلەمانی عێراق.
ئەم سەردانەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا دوای رێککەوتنی 4ـی نیسانی نێوان هەولێر و بەغدا دێت لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ