دەستپاکیی عێراق: مانگی رابردوو 43 بەرپرس دەستگیرکراون یان بانگهێشتی دادگە کراون

08-03-2023
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دەستەی دەستپاکیی فیدراڵیی عێراق رایگەیاند، مانگی رابردوو 43 بڕیاری دەستگیرکردن و ئامادەبوون لە بەردەم دادگە بۆ گەورە بەرپرسانی وڵات دەرکراون. 
 
رۆژی چوارشەممە، 08-03-2023، فەرمانگەی لێکۆڵینەوە لە دەستەی دەستپاکیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لایەنە دادوەرییەکان لە یەک تاوەکو 28-02-2023 دا، 43 بڕیاری دەستگیرکردن و ئامادەبوون لەبەردەم دادگەیان دەرکردووە لە بەڕێوەبەرایەتی و نووسینگەکانی لێکۆڵینەوەی دەستەکە لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکە و رەوانەی دادگە کراون. دەشڵێت، 37یان بەرپرسی پلە باڵان.
 
بەپێی دەستەی دەستپاکیی عێراق؛ شەش لەو بەرپرسانە دەستگیرکراون و 37یشیان بڕیاری ئامادەبوون لەبەردەم دادگەیان بۆ دەرچووە.
 
لەنێو ئەوانەی بڕیاری دەستگیرکردن یان ئامادەبوون لە بەردەم دادوەریان بۆ دەرچووە، پێنجیان پەرلەمانتاری خولی ئێستا و یەکێکیان پەرلەمانتاری خولی پێشوو، هەروەها پێنج وەزیری پێشوو، دوو بریکاری وەزیری ئێستا هەن.
 
فەرمانگەی لێکۆڵینەوە لە دەستەی دەستپاکیی عێراق دەڵێت: بڕیاری دەستگیرکردن و ئامادەبوون لە بەردەم دادگە بۆ دوو پارێزگاری پێشووتر، 7 بەڕێوەبەری گشتیی ئێستا، 11 بەڕێوەبەری گشتیی پێشوو، بەڕێوەبەرێکی گشتیی پێشووتر، لەگەڵ سێ ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەرکراوە.
 
رۆژی 04-03-2023، فەرمانگەی لێکۆڵینەوەکان لە دەستەی دەستپاکیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: بەهۆی دەرکەوتنی بەڵگەی نوێی کە ئاماژە بە تێوەگلانی ژمارەیەک بەرپرسی پێشووی حکومەتی عێراق دەکات لە "دزینی پارەکانی سپاردنەکانی باج"، دادگەی دووی کەرخی تایبەت بە دۆسیەکانی دەستپاکی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ چوار گەورە بەرپرسی حکومەتی پێشوو دەرکرد.
 
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەو بەرپرسانەی فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە لە ئەحمەد نەجاتی، سکرتێری تایبەتی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق، موشترەق عەباس، راوێژکاری مستەفا کازمی، عەلی عەللاوی، وەزیری پێشووی دارایی عێراق و رائید جوحی، بەرپرسی نووسینگەی مستەفا کازمی پێکهاتوون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە