رووداو دیجیتاڵ
بە مەبەستى چارەسەرکردنی کێشەى گەشتى زیارەتکارانى وڵاتەکەى بۆ عێراق، بڕیارە وەزیرى ناوخۆى کۆمارى ئیسلامیی ئێران سەردانى عێراق بکات. پەرلەمانتارێکى پارێزگاى واستیش رایگەیاند: رێگەنادرێت بەبێ پاسپۆرت هیچ زیارەتکارێک لە کۆمارى ئیسلامیى ئێرانەوە بچێتە سنوورى پارێزگاکەیان، بەڵام وەزیری ناوخۆ دەتوانێت ئاسانکاری بۆ هاتنی گەشتیاران بکات.
ئاژانسى فارسنیوز بڵاویکردەوە کە بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە 7ى ئەیلوولی 2022 ئەحمەد وەحیدى، وەزیرى ناوخۆى ئێران سەردانى عێراق بکات بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ بەرپرسانى عێراق بۆ چارەسەرى ئەو کێشانەى رووبەڕووى هەندێک لە زیارەتکارانى وڵاتەکەى دەبنەوە.
3ى ئەیلوول ئەحمەد وەحیدى، وەزیرى ناوخۆى عێراق رایگەیاند: پێشبینی دەکرێت زیاتر لە چوار ملیۆن و 500 هەزار زیارەتکارى ئێران سەردانى عێراق بکەن بە مەبەستى بەشداریکردن لە چلەى ئیمام حوسێن.
ئەوە لەکاتێکدایە تەلەڤزیۆنی فەرمى ئێران لە زاری بەرپرسانی پاسپۆرتی ئێرانەوە بڵاویکردەوە، ئەو زیارەتکارانەی کە پاسپۆرتیان نییە، "بەڵگەیەکی کاتی"یان پێدەدرێت و دەتوانن گەشت بۆ عێراق بکەن.
باسم غرێباوى، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە پشکى پارێزگاى واست بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "هیچ زیارەتکارێکى ئێرانى بەبێ پاسپۆرت ناتوانێت لە دەروازەى سنوورى زڕباتییە بێتە ناو سنوورى پارێزگاى واست، بەڵام پێشتر رێککەوتن هەبووە کە سەردانیکردن لەو رێگەیەوە پێویستى بە ڤیزا نەبێت".
بڕیارە لە 17 ى ئەیلوول، یادى چلەى ئیمام حوسێن لە شارى کەربەلا بەڕێوەبچێت، بۆ ئەو مەبەستە زیارەتکارانى شیعە لە کۆمارى ئیسلامیى ئێرانەوە سەردانى عێراق دەکەن و یەکێک لە رێگەکانیان دەروازەى سنووریى زڕباتییەیە لە نێوان پارێزگاى واست و پارێزگاى ئیلام.
باسم غرێباوى گوتى: "نەمان بیستووە کە بەبێ پاسپۆرت هیچ زیارەتکارێک هاتبێتە عێراقەوە، ئەو هەنگاوە تەنیا بە رەزامەندیى وەزارەتى ناوخۆى عێراق دەکرێت، پێشتر لە مانگى ئابى رابردوو لەگەڵ بەرپرسانى ئێران کۆبووینەوە و لەسەر ئەوە رێککەوتین کە هاتنە ناوەوەى زیارەتکاران بۆ پارێزگاکەمان تەنیا بە رێکارە یاساییەکانە کە پێویستە پاسپۆرتیان پێ بێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ