رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی لیژنەی هەرێم و پارێزگاکان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، لیژنەی یاسایی و لیژنەی هەرێمەکان لە پەرلەمانی عێراق نزیکەی 15 ماددەی پرۆژەیاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانیان هەموارکردووە، بەڵام بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمانیان بەرزیان نەکردوونەتەوە.
شێروان دووبەردانی، سەرۆکی لیژنەی هەرێم و پارێزگاکان لە پەرلەمانی عێراق بە دووری دەزانێت هەموارکردنی سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لەم خولەی پەرلەمان پەسندبکرێت و بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەستەمە پەرلەمان لەماوەی ئەم دوو مانگەدا لەوبارەوە کۆبێتەوە و هەموارکردنەکە پەسندبکات، بۆیە پەسندکردنی هەمواری سێیەم یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەکەوێتە خولی داهاتووی پەرلەمان".
شێروان دووبەردانی ئاماژەی بەوەشکرد، هەموارکردنەکە بەجۆرێکە نزیکە لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، لەوانەش فرەبازنەیی لە پارێزگاکاندا و گوتیشی، حکومەتی عێراق دەتوانێت لەسەر بنەمای هەمواری یەکەمی یاساکە، وادەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دیاری بکات.
بڕیاربوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە عێراق لە 1/4/2020 بەڕێوەبچێت، بەڵام دواتر بەهۆی خۆپێشاندانەکان و پەتای کۆرۆناوە، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتەی عێراق بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی بۆ کاتێکی نادیار دواخست.
دواتر بەهۆی تەواوبوونی وادەی یاسایی کارکردنی ئەنجوومەنەکە و بەڕێوەنەچوونی هەڵبژاردن، پەرلەمانی عێراق کاری ئەنجوومەنی پارێزگاکانی لە عێراق لە هەڵپەسارد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ