بە تیروپشک ژمارە بە بەربژێرانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەدرێت

07-07-2021
گۆڤەند مستەفا
نووسینگەی پارێزگاکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەستی بە پێدانی ژمارە بە بەربژێران کرد
نووسینگەی پارێزگاکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەستی بە پێدانی ژمارە بە بەربژێران کرد
نیشانەکردن هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق پێدانی ژمارە بە بەربژێرەکانی پەرلەمانی عێراق
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ نووسینگەی پارێزگاکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە ئامادەبوونی بەربژێرەکان و نوێنەری لایەنە سیاسییەکان و نەتەوەیەکگرتووەکان، دەست بە پێدانی ژمارە بە بەربژێرانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە رێگەی تیروپشکەوە دەکات. 
 
پرۆسەکە لە کاژێر 10:00ی بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 7ی تەممووزی 2021 لە سەرجەم نووسینگەکانی هەڵبژاردنی پارێزگاکان دەستیپێکردووە و لەڕێگەی ئەنجامدانی تیروپشکەوە دەست بە پێدانی ژمارە بەربژێرانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرا.
 
خالید عەباس، بەرپرسی نووسینگەی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی گوت: "بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی کۆمسیاران لە بەغدا ئەمڕۆ ئێمە وەکو پارێزگای دهۆک دەستدەکەین بە راکێشانی تیروپشک بۆ ئەو کەسانەی خۆیان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەربژێر کردووە".
 
بە گوتەی خالید عەباس هەر بازنەیەک بە جیا تیروپشکی بۆ دەکرێت، "بۆ نموونە لە ژمارە 20ـەوە دەستپێدەکات، لە بازنەی یەکەم 9 بەربژێر هەن تیروپشکیان بۆ دەکرێت و هەریەکەو ژمارەی تایبەتی خۆی پێدەدرێت، بازنەی دووەمیش 8 بەربژێر و بازنەی سێیەمیش 7 بەربژێر، واتە ژمارەیان بە گشتی 24 بەربژێرە، لەو 24 بەربژێرە 5 بەربژێریان سەربەخۆن و 19شیان سەر بە لایەنە سیاسییەکانن، یەک هاوپەیمانیش لە پارێزگای دهۆک هەیە".
 
بەرپرسی نووسینگەی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق گوتیشی: "تیروپشکەکەش بە ئامادەبوونی هەموو بەربژێرەکان و نوێنەری لایەنە سیاسییەکان و نەتەوەیەکگرتووەکان و دەزگاکانی راگەیاندن بەڕێوەدەچێت، بەڵام بۆ 6 بەربژێری کۆتای مەسیحیەکان لە بەغدا تیروپشکیان بۆ دەکرێت و ژمارەیان پێدەدرێت، چونکە بۆ ئەوان عێراق یەک بازنەی هەڵبژاردنە".
 

 

 

جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو: "کۆمیسیۆن تیروپشکی تایبەت بە ژمارەی پێکهاتەکانی (کریستیان، کوردی فەیلی، سابیئەی مەندائی، ئێزدی و شەبەک) لە بارەگای سەرەکی خۆی لە بەغدا ئەنجامدەدات، ژمارەکانی تیروپشکەکەش بۆ بەربژێران لە هەموو بازنەکانی هەڵبژاردن کە 83 بازنەن لە ژمارە 20 وە دەستپێدەکەن".
 
بڕیارە هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمانی عێراق لە 10ی ئۆکتۆبەری 2021 دا لە 1079 ناوەندی دەنگدان لە هەموو عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت؛ لە کاتێکدا کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان 76 باڵیۆزخانە و رێکخراوی بیانی بانگهێشت کردووە بۆ چاودێریکردنی ئەو هەڵبژاردنە کە 110 حیزب و 22 هاوپەیمانی خۆیان تۆمار کردووە بۆ بەشداریکردن تێیدا.
 
لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق 24 ملیۆن و 29 هەزار و 927 کەس مافی دەنگدانیان هەیە، هاوکات 3 هەزار و 523 بەربژێر لە 83 بازنەی هەڵبژاردن کێبڕکێی بۆ بەدەستهێنانی 329 کورسی پەرلەمان دەکەن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە