رووداو دیجیتاڵ
وەزیرانی دەرەوەی سووریا و ئێران لە بەغدان و لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق و سێ سەرۆکایەتییەکەی وڵاتەکە کۆدەبنەوە. تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکان دۆخی سووریا و پێشهاتەکانی ناوچەکەیە.
بەیانیی ئەمڕۆ بەسام سەباغ، وەزیری دەرەوەی سووریا گەیشتە وەزارەتی دەرەوەی عێراق، د. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق پێشوازی لێکرد و دووقۆڵی کۆبوونەوە.
زیاد ئیسماعیل، پەیامنێری رووداو لەبەردەم هۆڵی کۆبوونەوەکە ئاماژەی بەوەکرد، عێراق و سووریا دەیانەوێت کە ئەو دۆخەی لە دروستبوونی داعش سەریهەڵدا و هەردوو وڵاتەکەی گرتەوە، جارێکی دیکە دووبارە نەبێتەوە، بۆیە دەیانەوێت لە رێگەی میکانیزمێکەوە رێگە لەوە بگرن.
هەردوو وەزیرەکە داوایان کردووە، کۆبوونەوەکانیان تایبەت و داخراو بێت.
بڕیارە هەر ئەمڕۆش عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە وەزارەتی دەرەوە لەگەڵ د. فوئاد حوسێن کۆببێتەوە. پەیامنێری رووداو ئاماژەی بەوەکرد، کۆبوونەوەکەیان بە جیا دەبێت و نایانەوێت بابەتەکان تێکەڵاو بکەن. هەرچەندە تەوەری کۆبوونەوەکە دۆخی سووریایە.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران گەیشتە وەزارەتی دەرەوەی عێراق و لەگەڵ د. فوئاد حوسێن کۆدەبێتەوە
— Rudaw (@Rudawkurdish) December 6, 2024
زانیاری لەبارەی کۆبوونەوەکانhttps://t.co/xQAiAOn2Ge pic.twitter.com/DwwQlvjuDC
رۆژی رابردوو، محەممەد جۆلانی، سەرۆکی دەستەی تەحریری شام لە پەیامێکدا بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، ئەوان نابنە هەڕەشە بۆ سەر عێراق، گوتیشی، دوای "رووخاندن"ـی حکومەتی بەشار ئەسەد و "دروستکردنی سووریای نوێ،" دەیانەوێت پەیوەندیی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییان لەگەڵ عێراقدا هەبێت.
هەروەها داوای ئەوە بوو کە حەشدی شەعبی لەو شەڕەوە تێوەنەگلێن.
لە ماوەی رابردوودا، حکومەتی عێراق ئەو پەیامەی بە سووریا داوە کە ئاسایشی وڵاتەکە بە ئاسایشی خۆیان دەزانن، چونکە هاوسنوورن. ئێستا دەتوانن لە گۆڕینەوەی زانیاریی هەواڵگری و سەربازی هاوکاریی یەکدی بکەن. عێراقیش دەیەوێت سنوورەکانی بپارێزێت، بۆیە هەردوو وڵاتەکە پێویستیان بە هاوکاری و هاوئاهەنگی دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ