فەرماندەیەکی پۆلیسی فیدراڵی لە بەغدا کوژرا

06-11-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەیەکی پۆلیسی فیدراڵیی عێراق لە ناوچەی نەهرەوان-ی بەغدا کوژرا.
 
ئێوارەی دوێنێ سێشەممە موقەدەم ئەحمەد یونس عەبید، فەرماندەی فەوجی یەکی لیوای دوو لە فیرقەی یەکی پۆلیسی فیدراڵی لە ناوچەی نەهرەوان-ی بەغدا لە رووبەڕووبوونەوەیەکدا کوژرا.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 06-11-2024 عەمید حوسێن عەلی، گوتەبێژی فەرماندەیی پۆلیسیی رەسافە-ی شاری بەغدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لەکاتی جێبەجێکردنی فەرمانی دەستگیرکردنی یەکێک لە داواکراوان لە ناوچەی نەهرەوان-ی بەغدا رووبەڕووبوونەوە روویداوە و ئەو ئەفسەرە کوژراوە.
 
قەزای نەهرەوان، دەکەوێتە باشووری رۆژهەڵاتی شاری بەغدا.
 
ئەو کەسە بەگوێرەی ماددەی 406ی تایبەت بە کوشتن داواکراو بووە؛ بەڵام ئامادە نەبووە خۆی بەدەستەوە بدات، رووبەڕووی هێزە ئەمنییەکان بووەتەوە و بەهۆیەوە موقەدەم ئەحمەد یونس عەبید کوژراوە.
 
سەرەتا فەرماندەکەی پۆلیس بریندار بووە، دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە و بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە شەوی رابردوو گیانی لەدەستداوە.
 
هەر لەوبارەوە عەبدولئەمیر شەممەری، وەزیری ناوخۆی عێراق لە راگەیێندراوێکدا پرسە و سەرەخۆشیی لە کەسوکاری ئەو ئەفسەرە کرد و بە "قارەمان" ناوی برد.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە