رووداو دیجیتاڵ
بۆ سێیەمجار پرۆسەى گەڕاندنەوەى کاروانێکى دیکەى ئاوارە عێراقییەکان لە کەمپى هۆل لە سووریا دوادەخرێت، سەرەڕاى ئەوەى مۆڵەتى گەڕاندنەوەیان پێدراوە ئەوەش بەهۆى داواکاریى هێزەکانى سووریاى دیموکرات (هەسەدە) بۆ دواخستنى ئەو پرۆسەیە، کە دوایینجار بڕیار بووە لە یەکى تشرینى یەکەم بگەڕێندرێنەوە.
شێروان دووبەردانى، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى پارتى دیموکراتى کوردستان لە پشکى پارێزگاى نەینەوا بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: بڕیار بوو کاروانێکى دیکەى ئاوارە عێراقییەکان کە کەسوکارى چەکدارانى داعش بوون لە کەمپى هۆل لە سووریاوە بگەڕێندرێنەوە، بەڵام بۆ سێیەمجار پرۆسەى گەڕاندنەوەیان داواخراوە، کە بڕیار بووە لە یەکى تشرینى یەکەم بگەڕێنەوە سنوورى پارێزگاى نەینەوا.
شێروان دووبەردانى گوتى: "لیژنەیەکى ئەمنیی عێراق تاوەکو یەکى تشرینى یەکەم لە کەمپى هۆل بوون بۆ گەڕاندنەوەى ئەو ئاوارانە کارتى مۆڵەتى گەڕاندنەوەیان پێدراوە، بەڵام لیژنەکە بەبێ ئاوارەکان گەڕاونەتەوە و ئەو پرسە یەکلایی نەبووەتەوە ".
بەگوێرەى زانیارییەکانى تۆڕى میدیایی رووداو ئەو کاروانە نوێیە ئەوانەن کە هیچ بەڵگەنامەیەکى فەرمییان نەماوە و راگرتنى پرۆسەى گەڕانەوەیان لەسەر داواکاریی هەسەدە بووە، کە کەمپەکە لەژێر دەسەڵاتى ئەواندایە و داوایان لە لیژنە ئەمنییەکەى عێراق کردووە، کە گەڕانەوەکە بۆ ماوەیەکى دیکە دوابخەن، ئەویش بەهۆی دۆخى نێوخۆى کەمپى هۆل.
نزیکەی 56 هەزار کەس لە کەمپی هۆلى پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستاندان، کە لە ژێر کۆنتڕۆڵى هەسەدەدایە، زیاتر لە 30 هەزاریان عێراقین، لە دوای گەڕاندنەوەیان بۆ کەمپى جەدعە لە نەینەوا پرۆسەى شیاندنەوەیان بۆ دەکرێت لەپێناو گەڕاندنەوەیان بۆ نێو کۆمەڵگە و زێدى خۆیان.
بەگوێرەى ئامارەکانى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق، 790 خێزان لە کەمپى هۆل گەڕێندراونەتەوە بۆ کەمپى جەدعە، لەو ژمارەیە 450 خێزانیان لە کەمپەکە پرۆسەى شیاندنەوەیان بۆ کراوە و گەڕێندراونەتەوە زێدى پێشووى خۆیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ