یەحیا رەسوول: عێراق لە سیستمی بەرگری و دانانی رادار پێشکەوتنی باشی بەدەستهێناوە

06-09-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، وڵاتەکەی لە سیستمی بەرگریی ئاسمانی و دانانی رادار پێشکەوتنی باشی بەدەستهێناوە.
 
لیوا یەحیا رەسوول، گوتەبێژی محەممەد شیاع سوودانی، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق ئەمڕۆ هەینی 6ی ئەیلوولی 2024، بە ئاژانسی فەرمیی عێراقی راگەیاند، "فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بایەخێکی زۆر و گەورە بە دۆسیەی تەواوکردنی تواناکانی ئاسمانیی عێراق و هێزی ئاسمانی و فڕۆکەوانیی سوپا دەدات."
 
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق گوتیشی، "لە پرسی سیستمی بەرگریی ئاسمانی و دانانی راداری ئاست بەرز و مامناوەند و نزم، پێشکەوتنی باشمان بەخۆوە بینیوە."
 
لیوا یەحیا رەسووڵ، ئاماژەی بەوەش کردووە، وڵاتەکەی لە بونیادنانی تواناکانی بەرگریی ئاسمانی بەردەوام دەبێت. گوتیشی، "ئەو کارە بەو شێوەیە دەبێت کە ئاسمانی عێراق بپارێزێت و بۆ بەرگریکردنە لە سەروەرییەکەی."
 
ئەو قسانەی ئەو بەرپرسە سەربازییەی عێراق لە کاتێکدایە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق سەنتەری نوێی ئۆپەراسیۆنەکانی بەرگریی ئاسمانیی کردەوە، کە بە هاوئاهەنگیی کۆمپانیای تالیسی فەرەنسی تایبەتمەند بە کەرەستەکانی بەرگری دامەزراوە.
 
سوودانی رایگەیاند، لەسەر رێڕەوی پلانەکانی پەرەپێدانی چەکی هێزە چەکدارەکانن و بۆ ئەو ئامانجانە حکومەت پێنج تریلیۆن دیناری تەرخان کردووە، سێ تریلیۆنی لە بودجەی ساڵی 2024ە.
 
رۆژی 29ی ئابی ئەم ساڵ، لە گەڕەکی تسعینی شاری کەرکووک درۆنێکی گەورەی چاودێری خرایە خوارەوە. بەپێی هێزە ئەمنییەکانی ناوچەکە درۆنەکە بە سیستەمی بانستێری فەڕەنسی خرایە خوارەوە و بە یەکەم جار هەژماردەکرێت عێراق ئەو سیستەمە بەکاربهێنێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە