رووداو دیجیتاڵ
یوسف زەیدیی نووسەر لەلایەن دەزگایەکی ئەمنییەوە بەبێ فەرمانی دەستگیرکردن و هیچ تۆمەتێک لە بەغدا دەستگیرکرا، بەبێ ئەوەی هیچ تاوانێکیشی هەبێت لە پشتی زیندان مایەوە؛ شۆک و ترسی دۆخەکە هێشتا بە روونی بە رووخسارییەوە دیارە.
هێزەکەی هێرشیان کردبووە سەر یانەی کۆمەڵایەتیی یەکێتیی ئەدیبان و بە زۆر ئامادەبووانیان دوورخستبووەوە، وێنەیان گرتبوون و کامێرای چاودێریی شوێنەکەیان بردبوو.
یوسف زەیدی، نووسەر بە رووداوی گوت "ئەو 48 کاژێرەی لەنێو زینداندا بەسەرم برد بە 48 ساڵ دەزانم. ئەوان بە شێوەیەکی بەربەری و دڕندانە هاتنە ژوورەوە، ئەگەر وشەیەکی خراپتر هەبێت بۆ وەسفکردنی دەتوانی بەکاریبهێنی، ناتوانم بڵێم ئەزموونێکی تاڵ بوو، بەنێو فەرهەنگی زماندا دەگەڕێم بۆ وشەیەکی خراپتر لە تاڵی بیدۆزمەوە."
نووسەرەکە ترسی لە دووبارەبوونەوەی رووداوی هاوشێوە هەیە، دەڵێ "ئەگەر ئەم هەڵکوتانانە بۆ سەر یەکێتیی ئەدیبان دووبارە ببنەوە، رەنگە رۆژێک هەڵبکوتنە سەر هۆڵی جەواهیری و شاعیرێک دەستگیربکەن لەسەر ئەوەی شيعرێکی خوێندووەتەوە، کە کەمێک رۆمانسییەتی تێدابووە."
ئەندامانی یەکێتیی گشتیی ئەدیبانیش ئەو جۆرە کارانە رەتدەکەنەوە و جەخت لەوە دەکەنەوە؛ یانەکە مەکۆیەکی کۆمەڵایەتی و رۆشنبیرییە کە ئەدیبان، نووسەران و رۆشنبیران لە ئامێزدەگرێت و یاسا گەرەنتیی پاراستنیان دەکات.
ئەوان، هەروەها هەڕەشەی مانگرتن و رێپێوان و وەستاندنی هەموو چالاکی و کۆڕ و کۆبوونەوەکانی یەکێتییەکەیان دەکەن، ئەگەر داوای لێبوردنیان لێ نەکرێت، لەبەرامبەر ئەو شتەی کە خۆیان بە هەڵکوتانی هەڕەمەکی و بێ پاساو بۆ سەر خۆیان ناویدەبەن.
عومەر سەرات، سەرۆکی یەکێتیی گشتیی ئەدیبان و نووسەرانی عێراق دەڵێ "یەکێتییەکەمان لە داواکردنی مافەکانی خۆی ناوەستێت، بە پێشکەشکردنی کاخەزی داواکارییەکان بە لایەنە بەرپرسەکان دەستپێدەکات و ئەگەر ئەم بابەتە دووبارە ببێتەوە، یەکێتییەکەمان پەنادەباتە بەر مانگرتن و رێپێوان و دەربڕینی ناڕەزایی، جگە لە باسکردنی بابەتەکە لەسەر ئاستی عەرەبی و جیهانی و راگرتنی هەموو چالاکیی و کۆڕەکان کە لەلایەن یەکێتییەوە لە بەغدا و هەموو پارێزگاکان و دامەزراوەکانی سەر بە ئێمە لە پایتەختی وڵاتانی عەرەبی و جیهانیشدا دەکران."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ