گالەری

20 کاژێر له‌مه‌وپێش
15 Photos
بڵند تاهیر
بڵند تاهیر @Bilindtahir
رووداو دیجیتاڵ

لە هەولێر پێشانگەیەکی هابەشی هونەرمەندانی خۆشنووسی باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان، بە ناونیشانی '2+2=1' کرایەوە، مەبەست لە ناونیشانەکە کوردستان یەک پارچەیە، نەوەک چوار پارچە. 
 
لە پێشانگەدا 40 تابلۆی خۆشنووسی خرانەڕوو کە تێکهەڵکێشییەکی خۆشنووسی، ئەبستراکت و دارتاشین بوو و لەلایەن 12 خۆشنووسی دیاری کورد لە سەقز، سنە، بۆکان و جوانڕۆ و 6 خۆشنووسی دیاری باشووری کوردستان ئامادەکرابوون.
 
پێشانگەکە رۆژی دووشەممە 14ـی تشرینی یەکەمی 2024 لە هەولێر کرایەوە و چوار رۆژ بەردەوام دەبێت.
 
بژار ئەربیللی، خۆشنووس و سەرپەرشتیاری پێشانگەکەیە، زیاتر لە 18 جار لە پێشبڕکێی نێودەوڵەتییەکان خەڵاتی لە بواری خۆشنووسیدا بەدەستهێناوە. 
 
ئەو، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئێمە، زۆر دڵخۆشین پێشانگەیەکی هاوبەشی لەم جۆرە دەکەینەوە، ئەمە قۆناخی یەکەمە و قۆناخی داهاتوو خۆشنووسانی باکوور و رۆژئاوی کوردستانیش دەگرێتەوە." 
 
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، 'مەدرەسەی ئەربیللی'، کە شێواز و فۆرمێکی تایبەتە بە نووسین، لەسەر ئاستی وڵاتانی جیهان بووەتە مۆرکێکی کوردی لە پێشبڕکێ جیهانییەکاندا.
 
گوتیشی، خۆشنووسانی کورد لە چوار پارچەی کوردستان لێهاتوو و باڵادەستن و لە پێشانگە و پێشبڕکێ جیهانییەکاندا بەردەوام لە ریزبەندیی پێشەوەن. 
 
عەلی حوسێنی، هونەرمەندی خەڵکی سەقز لە رۆژهەڵاتی کوردستان، لە بارەی گرنگیی پێشانگەکە بە رووداوی گوت "پێموایە ئەم جۆرە پێشانگەیە زۆر گرنگە، چونکە رێگەمان پێدەدات ئاڵوگۆڕی کولتوور و شێواز و زانیاری لەسەر مێژووی هونەری یەکتر بکەین."
 
هەروەها دەڵێ "لە رۆژهەڵاتی کوردستان، ئێمە فۆرمێکی خۆشنووسیمان هەیە کە لە باشووری کوردستان بە 'فارسی' ناودەبرێت، بەڵام زۆربەی ئامادەبووان لەوە گەیشتن ئەمە شێوازێکی 'ئێرانییە' نەوەک فارسی، کە ئەگەر لە رووی هونەری خۆشنووسی و نەخشدا سەیر بکەین، کورد باڵادەستترینە، بەتایبەت خۆشنووسانی شارەکانی سەقز و سنە، کە ساڵانە لە پێشبڕکێکانی ئێراندا پلەکانی یەکەم و دووەم بەدەستدەهێنن."
 
ئەم هونەرمەندە باس لەوەش دەکات، خۆی مامۆستا بووە و ئێستا خانەنشینە، بەڵام ماوەی زیاتر لە 30 ساڵە ئەو هونەرە بووەتە بەشێک لە سەرچاوی داهات و بژێوی ژیانی.