نووسەری کورد ستیڤان شەمزینی کۆچی دواییکرد

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ستیڤان شەمزینی، نووسەر و وەرگێڕی کورد بە نەخۆشیی شێرپەنجە لە ئەڵمانیا کۆچی دواییکرد.
 
نووسەر و رۆژنامەڤانی دیاری کوردستان، ستیڤان ئەحمەد عەلی، ناسراو بە ستیڤان شەمزینی، شەوی رابردوو بە هۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە لە ئەڵمانیا کۆچی دواییکرد.
 
ستیڤان شەمزینی زیاتر لە 10 ساڵ بوو تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە ببوو، لەو ماوەیەدا کتێبێکی بە ناوی "شۆڕشەکەم دژی شێرپەنجە؛ ئەزموون و رامان" نووسی بوو.
 
وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا وێڕای سەرەخۆشی بۆ کۆچی دوایی ستیڤان شەمزینی، رایگەیاندووە، "شەمزینی لە ماوەی تەمەنیدا سەرەڕای ئەو چەرمەسەریانەی رووبەڕووی بوونەوە، بەڵام بە هیوایەکی زۆرەوە دەیڕوانییە ژیان و دەستبەرداری نووسین نەبوو، جگە لە کارە رۆژنامەوانییەکانی، چەندین بەرهەمی ئەدەبی، هزری چاپ و بڵاوکردووەتەوە".
 
ستیڤان شەمزینی لە دایکبووی شاری سلێمانییە و لە ساڵی 1996 دەستی بە کاری رۆژنەماڤانی کردووە و ساڵی 1999 سەرنووسەری رۆژنامەی دەروازە بووە. دوای چەندین کاری دیکەی میدیایی، ساڵی 1999 لە دامەزراندنی (یەکێتی رۆژنامەنووسانی کوردستان)دا بووە بە ئەندام. هەروەها ئەندامی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان بوو.
 
ئەو نووسەرەی کورد 23 کتێبی نووسیوە و چەند کتێبێکیشی ئامادەیە بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە