لەسەر 'گەنجینەى نەمروود' وەزیرێکى پێشووترى عێراق و بریکارەکەى بانگهێشتی دادگە دەکرێن

06-03-2023
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دادگەیەکى عێراق فەرمانى بانگکردنى وەزیرى پێشووترى رۆشنبیریى عێراق و بریکارەکەى بۆ بەردەم دادگە دەرکرد و فەرمانى دەستگیر کردنیشى بۆ بەڕێوەبەرى نووسینگەى وەزیرەکە دەرکرد بە تۆمەتى ئەوەى گرێبەستیان لەگەڵ کۆمپانیایەکى "مایەپووچ" واژۆ کردووە بۆ نمایشکردنى گەنجینەى نەمروود لە مۆزەخانەکانى ئەوروپا.
 
رۆژی 5ى ئادارى 2023 فەرمانگەى لێکۆڵینەوەکانى دەستەى دەستپاکیى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، دادوەرى دادگەى لێکۆڵینەوەى دووەمى کەرخ، لەسەر بنەماى لێکۆڵینەوە لە دۆسیەیەکى گەندەڵى، فەرمانى بانگکردنى بۆ ئەو وەزیرەى پێشتووتر و بریکارەکەى بۆ بەردەم دادگە دەرکردووە، ئەوەش جگە لە فەرمانى دەستگیرکردن لە دژى بەڕێوەبەرى نووسینگەى ئەو وەزیرە، بە تۆمەتى کارکردن بە پێچەوانەى ئەرکى فەرمیى سەر شانیان.
 
ئەو دۆسیەیەى کە دادگە بەهۆیەوە ئەو فەرمانانەى دەرکردووە، تایبەتە بە گرێبەستێک لەلایەن ئەو وەزارەتەوە لەگەڵ کۆمپانیایەکى دانیمارکى، کە دەستەى دەستپاکى بە "مایەپووچ" ناوى بردووە، بۆئەوەى گەنجینەى نەمروود، کە ئاسەوارێکى مێژووییە لە مۆزەخانەکانى ئەوروپا نمایش بکات.
 
دەستەى دەستپاکى ئاماژەى بەوەش داوە، ئەو کۆمپانیایەى گرێبەستەکەى لەگەڵ واژۆ کراوە، لەو ئاستەدا نەبووە کە پارێزگارى لە گەنجینەى نەمروود بکات، ئەوەش جگە لەوەى گرێبەستەکە رێوشوێنەکانى رێکخراوى یونسکۆى لەبەرچاو نەگرتووە.
 
گەنجینەی نەمروود، زیاتر لە 650 پارچە ئاڵتوونی مێژووییە، لە ساڵى 1988 لە ناوچەى نەمروودى باکوورى شارى موسڵ دەست بە کنە و پشکنین کرا، بۆ دەرهێنانى و دواتر لە مۆزەخانەى نیشتمانیى عێراق نمایش کرا.
 
بەگوێرەى راگەیێندراوەکەى دەستەى دەستپاکى، گرێبەستەکە بەر لە پەسندکردنى دەستوورى عێراق واژۆ کراوە، لە کاتێکدا دەستوور لە ساڵى 2005 لە گشتپرسیدا پەسند کرا.
 
تۆمەتبارانەکان بەگوێرەى مادەى 331ى یاسای سزاکانى عێراقى بانگى دادگە کراون، کە تایبەتە بە تاوانى زیانگەیاندن بە موڵک و ماڵى گشتى و سزاکەى بەندکردن و پێبژاردنە بەبێ ئەوەى ماوەى بەندکردنەکە و بڕى پێبژاردنەکەى دیاری کردبێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە