فرۆشتنى تیکتى فڕۆکە لەلایەن هێڵى ئاسمانیى عێراقەوە کرایە دینار

06-02-2023
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتى گواستنەوەى عێراق بڕیاری دا فڕۆشتنى تیکتى فڕۆکە لەلایەن کۆمپانیاى هێڵى ئاسمانیى عێراقەوە لە دۆلارەوە بکرێتە دینارى عێراقى.
 
رۆژی 6ى شوباتى 2023، وەزارەتى گواستنەوەى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، لەسەر بنەماى فەرمانى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیران، ئەو وەزارەتە فەرمانى داوە بەهەموو فەرمانگەکانى، بە تایبەت کۆمپانیاى هێڵى ئاسمانیى عێراق کە تیکتى گەشتەکان بە دینار بە گەشتیاران بفرۆشن لەبرى دۆلار، ئەوەش بەگوتەى ئەو وەزارەتە بۆ "پاڵپشتى دراوى نیشتیمانییە." 
 
بەگوێرەى راگەیێندراوەکە، رەزاق سەعداوى، وەزیرى گواستنەوەی عێراق هۆشداریداوە لەوەى هەر کەس ئەو بڕیارە جێبەجێنەکات، رووبەڕووى لێپرسینەوەى یاسایی دەبێتەوە. هەروەها داواش لە هاووڵاتییان دەکات زانیاریى بدەن لەبارەى هەر سەرپێچییەک کە لەو بڕیارەدا بکرێت.
 
ئەو بڕیارەى وەزارەتى گواستنەوە بەشێکە لە هەنگاوەکانى حکومەت و بانکى ناوەندیى عێراق بۆ بەرزکردنەوەى بەهاى دینارى عێراقى بەرامبەر بە دۆلار، کە ماوەى سێ مانگە دابەزیوە و ئەمڕۆ 100 دۆلارى ئەمریکى بە 166 هەزار دینار مامەڵەى پێوەکرا، لەکاتێکدا نرخى فەرمى یەک دۆلار لە بانکى ناوەندى 1460 دینارە.
 
لاوەند مەموندى، سەرۆکى یەکێتیى کۆمپانیاکانى گەشت و فڕۆکەوانى هەرێمى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "ئەو بڕیارەى وەزارەتى گواستنەوەى عێراق کاریگەرى دەبێت لەسەر کەمبوونەوەى خواستى سەر دۆلار لەبازاڕدا، بەڵام لەوە گرنگتر ئەوەیە کە کۆمپانیاکانى دیکەى فڕۆکەوانى لەعێراق ناچار بکرێن بەهەمانشێوە تیکتەکانیان بە دینار بفرۆشن لەبرى دۆلار، نرخەکەشی بەهەمان نرخى بانکى ناوەندى بێت." 
 
لە عێراق و هەرێمی کوردستان شەش فڕۆکەخانە هەن، ئەوانیش فڕۆکەخانەکانی بەغدا، هەولێر، سلێمانى، کەرکووک، نەجەف و بەسرەن. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە