رووداو دیجیتاڵ
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لەبارەی بوومەلەرزەکەی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، پەیامێکی بڵاوکردەوە و داوای ئارامگرتن و لێخۆشبوون دەکات. هاوکات داواش لە تورکیا و سووریا دەکات ناکۆکییەکانیان وەلابنێن.
ئێوارەی رۆژی دووشەممە 6-2-2023، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە تویتێکدا، پرسە و سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانییانی بوومەلەرزەکەی تورکیا و باکووری کوردستان و سووریا و رۆژئاوای کوردستان کرد و راگەیاند: "پێویستە پابەندی ئارامگرتن بن و داوای لێخۆشبوون بکەن، تاوەکو خوا ئەو بەڵایە لەسەر ئێمە و ئەوان لابدات." سەدر داواشیان لێدەکات: "ریزەکانیان یەکبخەن و ناکۆکی نێوان هەردوو وڵات وەلابنێن."
نزیکەی کاژێر 4:17 بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، بوومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی 7.7 پلەی رێختەر شاری مەرەشی باکووری کوردستانی هەژاند و لە باشووری کوردستان و چەندین وڵاتی ناوچەکە هەستی پێکرا.
سەرۆکایەتیی کارەساتی لەناکاو و فریاگوزاریی تورکیا - ئافاد- ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە دوایین ئاماری قوربانیانی بوومەلەرزەکەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ژمارەی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە هەزار و 121 کەس، هەروەها 7 هەزار و 634 کەسیش بریندارن.
بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستیی سووریاش، لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا 780 کەس بەهۆی بوومەلەرزەکە گیانیان لەدەستداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ