رووداو دیجیتاڵ
کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی دارایی پەرلەمان لەگەڵ وەزیرانی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان دواخرا. ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، تاوەکو دوو هەفتەی دیکە ناتوانێت لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئامادەبێت.
د. جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رۆژی پێنجشەممە 05-10-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بڕیاربوو پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لیژنەی دارایی پەرلەمان عێراق لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق و ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە، بەڵام کۆبوونەوەکە ناکرێت و بۆ کاتێکی نادیار دواخرا، وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان نەیتوانیوە ئامادەی کۆبوونەوەکە بێت.
بەپێی نووسراوێک کە کۆپییەکی دەست رووداو کەوتووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان، رۆژی چوارشەممە 04-10-2023 بە نووسراوی فەرمی وەڵامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقی داوەتەوە.
لە نووسراوەکەدا هاتووە "ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان ئەم هەفتە و هەفتەی داهاتووش ناتوانێت ئامادەبێت لە لیژنەی دارایی، چونکە لە وەزارەتەکەی دا سەرپەرشتی ئامادەکردنی داواکارییەکان دەکات بۆ دەستکردن بە وردبینی ژمارە و بڕی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشین و ئەوانەی چاودێریی کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە لە هەرێمی کوردستان لەلایەن دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان."
بەپێی نووسراوێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کە رۆژی 30-9-2023، لەلایەن عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لیژنەکە بۆ نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لە بەغدا ناردووە، داوا دەکات رۆژی پێنجشەممە، 5-10-2023، وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لیژنەکەیان ئامادەبێت بۆ تاوتوێکردنی ئەم تەوەرانە:
- داهاتە نانەوتییەکان و دەروازە نافەرمییەکان.
- ئەو بڕە نەوتەی لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە لە بەرهەمی کوردستان وەرناگیرێت.
- رێگرییەکانی جێبەجێنەکردنی مادەکانی 12، 13ـی یاسای بودجەی گشتی بۆ ساڵانی 2023،2024 و 2025 تایبەت بەم بابەتانە:
- ناردنی سەرجەم بڕی ئەو داهات و خەرجییانەی هەن بۆ وەزارەتی دارایی عێراق.
- خستنەڕووی داهاتی ئەو قەرزانەی دراون بە هەرێمی کوردستان لە تەرازووی پارەدان.
- مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان و ئەوانەی مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتییان هەیە.
- ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلای وەزارەتی پلاندانانی عێراق.
- جێبەجێکردنی بڕگەکانی بودجەی تایبەت بە چاوخشاندنەوە بە گرێبەستی گەڕی مۆڵەتە نەوتییەکان.
هەر لەو نووسراوەدا لیژنەی دارایی داوای کردووە وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، پلەکانیان، ناونیشانیان (مەدەنی، سەربازی)، هەروەها داتای تایبەت بە ژمارەی خانەنشینان و بڕی پارەی تەرخانکراو بۆیان، لەگەڵ ئامادەکردن و دیاریکردنی ئەو پارەیەی دەدرێتە ئەو کەسانەی چاودێری کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە، پێبدات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ