هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی: بە مووشەک هێرش کرایە سەر بنکەی عەین ئەسەد

05-07-2021
ئاسۆ فیشەگی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار لە رۆژئاوای عێراق بە سێ مووشەک کرایە ئامانج.
 
عەقید واین مارۆتۆ، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، ئەمڕۆ دووشەممە، لە هەژماری خۆیدا لە تویتەر رایگەیاند: "بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد بە سێ مووشەک کرایە ئامانج؛ کە لە دەوروبەری بنکەکە کەوتنەخوارەوە، بەڵام رووداوەکە هیچ زیانێکی مرۆیی لێنەکەوتەوە".
 
ئەمە یەکەم پێشهاتی نوێیە دوای هێرشی ئاسمانیی ئەمریکا لە 28ی حوزەیرانی 2021 بۆ سەر میلیشیاکانی سەید ئەلشوهەدای سەر بە حەشدی شەعبی لەسەر سنووری نێوان عێراق و سووریا لە رۆژئاوای عێراق؛ کە چوار کوژراوی لێکەوتەوە.
 
دوای هێرشەکەی ئەمریکا دەستەی حەشدی شەعبی لە عێراق رایگەیاند؛ مافی یاسایی خۆمانە وەڵامی ئەو دەستدرێژییانەی ئەمریکا بدەینەوە و لە خاکی عێراق لێپرسینەوە لەگەڵ ئەنجامدەرانیان بکەین، چونکە ئەو دەستدرێژییە بۆ لاوازکردنی عێراق و هێزە ئەمنییەکان و حەشدی شەعبییە.
 
هێرشەی ئەمڕۆ بۆ سەر بنکەی عەین ئەسەد دوای هێرشەکەی رۆژی یەکشەممە (6/6/2021) هات کە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو کرایە سەر بنکەکە، بەڵام سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی عەین ئەسەد توانیی بەرپەرچیان بداتەوە.
 
پێشتر لە 24ی ئایاری 2021 یش بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد؛ کە هێزەکانی سوپای ئەمریکا تێیدا جێگیرکراون بە مووشەک کرایە ئامانج.
 
لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا چەندینجار بنکەی عەین ئەسەد لە ئەنبار و بنکەی ئاسمانیی بەلەد لە پارێزگای سەلاحەدین بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو کراونەتە ئامانج و زیانیان بەرکەوتووە، لە دوا پێشهاتیشدا کۆمپانیای لۆکهید مارتنی ئەمریکی کە لە بنکەی ئاسمانیی بەلەد فڕۆکەکانی ئێف 16ی چاکدەکردەوە و نۆژەنی دەکردنەوە هەموو کارمەندانی خۆی لە بنکەکە کشاندەوە، ئاشکراشی کرد، "ئەو هەنگاوەمان بۆ پاراستنی سەلامەتی کارمەندانمانە".
 
بەپێی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا- پێنتاگۆن-، ئێستا 2500 سەربازی ئەمریکی لە عێراقن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە