رووداو دیجیتاڵ
بە بڕیاری محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، د. خەلەف میرزا شنگالی وەكو راوێژكاری سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ كاروباری كوردانی ئێزدی دەستبەكاربوو.
ئەمڕۆ چوارشەممە 05-04-2023، د. خەلەف شنگالی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بە پێداگریی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەو وەكو راوێژكاری سوودانی دەستبەكاربووە و رێككەوتن كراوە كە بەشداری هەموو كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی وەزیران بكات بۆ نوێنەراتیكردنی کوردانی ئێزدی.
بڕیاربوو، بەگوتەی د. خەلەف شنگالی، "وەزارەتێكی تایبەت بدرێت بە ئێزدییەكان، بەڵام ئەوە نەكرا، بۆیە سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان پێداگریكرد كە دەبێت راوێژكاری كاروباری كوردانی ئێزدی لە هەموو كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەشداربێت."
د. خەلەف شنگالی هەروەها گوتی، "سوپاسی سەرۆك بارزانی و سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكومەت و میری ئێزدییان دەكەم كە بەردەوامبوون لەو داواکارییە تاوەكو ئەو پۆستە بە كوردانی ئێزدی بدرێت و تایبەتمەندی ئەوەشی پێبدرێت، كە لە هەموو كۆبوونەوەكان ئامادەبێت، بۆیە لەمەودوا وەكو نوێنەری كوردانی ئێزدی بەشداری كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەكەم."
دکتۆر خەلەف میرزا شنگالی
- لەدایکبووی ساڵی 1982
- خەڵکی سنوونێی سەر بە شنگالە
- دەرچوویی بەشی دەرمانخانەیە لە کۆلێژی پزیشکی هەولێر 2008-2009
- زمانەکانی کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی دەزانێت
- کارمەندی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە لە ساڵی 2009 تا 2018
- خێزاندارە و چوار منداڵی هەیە
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ