رووداو دیجیتاڵ
ئەمریکا بەفەرمی بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکەی رۆژی پێنجشەممەی بەغدا راگەیاند و گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا دەڵێت: رۆژی پێنجشەممە 04-01-2023 کاژێر 12:00ـی نیوەڕۆ بەکاتی بەغدا، هێزەکانی ئەمریکا هێرشێکی وردیان لە دژی موشتاق جەواد کازم کە بە ئەبوو تەقوا ناسراوە ئەنجامدا. ئەبوو تەقوا سەرکردەیەکی حەرەکەی نوجەبابووە و بەرپرس بووە لە زۆربەی هێرشەکانی دژ بە ئەمریکا لە عێراق و ناوچەکە.
بەگوتەی بەرپرسانی ئەمریکا لە هێرشەکەدا هیچ مەدەنییەک و باڵەخانەیەک و بنکەیەک نەکراوەتەوە ئامانج و زیانیشیان بەرنەکەوتووە، بەڵکو هێرشەکە بۆ سەر ئۆتۆمبێلێک ئەنجامدراوە، جگە لە ئەبوو تەقواش، هاوکات یاریدەدەرێکیشی کوژراوە. رووداو چووە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا و لەسەر وردەکاری هێرشەکە و راگەیێندراوەکەی حکومەتی عێراق لەوبارەوە پرسیاریکرد.
پات رایدەر، گوتەبێژی پێنتاگۆن بەمشێوەیە وەڵامی رووداوی دایەوە: "ئێمە بەردەوامدەبین تاوەکو لەنزیکەوە کار لەگەڵ هاوبەشە عێراقییەکان بکەین، هەروەها دەشزانین کە هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە هەندێکباردا بەردەوامن لە هاوکاریکردنمان بۆ دیاریکردنی شوێنی ئەو گرووپانەی سەر بە ئێران کە هێرش دەکەنە سەر هێزەکانی ئەمریکا و ئێمەش پێزانینی زۆرمان بۆ ئەو پشتیوانییە هەیە."
ئەمە وەڵامی پێنتاگۆن بوو بۆ رووداو لە رووی سەربازیی و وردەکاریی چۆنیەتی ئەنجامدانی هێرشەکە، بەڵام رووداو بۆ دەستخستنی زانیاریی زیاتر و هەڵوێستی ئەمریکا لە رووی سیاسی و دیپلۆماسییەوە لەبارەی راگەیێندراوەکەی حکومەتی عێراق و نیگەرانییەکانی حکومەتی عێراق کە دەڵێن ئەو هێرشەی کراوە بۆ سەر لایەنێکی سەر بە حکومەت بووە، رووداو چووە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لەسەر ئەم هێرشە و گفتوگۆ دیپلۆماسییەکانی نێوان واشنتن و بەغدا پرسیاری لە گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کرد.
ماتیو میلەر لە وەڵامی رووداودا رایگەیاند، "ئەوەی ئێمە بە بەغدامان گوتووە شتێکی نهێنی و شاراوە نییە، چاوەڕێی هەنگاوی زیاتر دەکەین." هاوکات راشیگەیاند، ئاگادارنییە تاوەکو ئێستا ئەگەر حکومەتی عێراق بەفەرمی داوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکای کردبێت.
وەکو گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، "ئێمە زۆر راشکاوبووین لەگەڵ حکومەتی عێراق، پێموانییە ئەمە شتێکی نهێنیبێت و بەئاشکرا گوتوومانە و پێمانوایە پێویستە ئەوان هەنگاوی زیاتر بگرنەبەر بۆ پاراستنی هێزەکانی ئەمریکا کە لەسەر بانگێشتی ئەوان لە عێراقن، ئەوانەش رووبەڕووی بەرپرسیارێتی بکەنەوە کە هێرشدەکەنە سەر هێزەکانی ئەمریکا، جا هەر کەسێک بن."
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئەمریکا لە رێگەی ئەم هێرشەوە دەیەوێت پەیامێکی تووند بە گرووپە چەکدارەکان بدات، تاوەکو هۆشدارییەکانی ئەمریکا بە جیدی وەربگرن. بەرپرسێکی پێنتاگۆنیش بە رووداوی رایگەیاند: ئێمە چەند جارێک هۆشداریماندا، گوتمان هێرش مەکەن و بوەستن، کاتێک هێرشەکان بەردەوامدەبن ئەمریکا بەمافی خۆی دەزانێت وەڵامیان بداتەوە و بەرگری لەخۆی بکات، لە داهاتووش هەر بەمشێوەیە دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ