دادگەی کارگێڕیی جارێکی دیکە سکاڵاى لایەنە ناڕازییەکانى کەرکووکی دواخست

16 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دادگەی کارگێڕی لە بەغدا، جارێکی دیکە سکاڵاى لایەنە ناڕازییەکانى کەرکووکی دواخست. بەرپرسێکیش لە پارێزگەی کەرکووک دەڵێت، "دواخستنەکە بە پاساوى وردبینیکردن لە پەیڕەوى ناوخۆى پێشووى ئەنجوومەنى پارێزگا بووە".
 
شۆخان حەسیب، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگەی کەرکووک لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، رۆژی چوارشەممە (4-12-2024)، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دادگەی کارگێڕی لە بەغدا بڕیاریدا سکاڵای لایەنە ناڕازییەکان لە دژى پێکهێنانى حکومەتى خۆجێیی پارێزگەی کەرکووک، بۆ 24-12-2024 دوابخرێت."
 
ئەمە لەکاتێکدایە، دادگەکە رۆژی 24-11-2024 لەسەر ئەو کەیسە کۆبووەوە و دانیشتنەکەی بۆ ئەمڕۆ چوارشەممە دواخستبوو.
 
بەگوتەی ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگەی کەرکووک، "ئەمڕۆ دانیشتنی دادگە نەکرا، لەکاتێکدا پارێزەرەکانی ئەو کەیسە ئاگادار نەکرابوون کە ناکرێت و بۆ 24ـی ئەم مانگە دواخراوە".
 
کاروان عوسمان، بەرپرسی بەشى سکاڵاکان لە ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "دواخستنەکە بە پاساوى وردبینیکردن لە پەیڕەوى ناوخۆى پێشووى ئەنجوومەنى پارێزگا بووە، کە پێشتر بۆ پێکھێنانى حکومەتى خۆجێیی کارى پێکراوە".
 
کاروان عوسمان گوتیشى، ئێستا پێنج سکاڵا هەیە کە لەلایەن ئەندامانى ئەنجوومەنى پارێزگاوە پێشکێش کراون.
 
فراکسیۆنەکانی سیادە، بەرەی تورکمانی و پارتی دیموکراتی کوردستان سکاڵایان تۆمارکردووە. سیادە، سێ سکاڵا و هەریەک لە بەرەی تورکمانی و پارتیش سکاڵایەکیان تۆمارکردووە. 
 
شەوی 10ـی ئابی 2024، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگەی کەرکووک کۆبوونەوەیەکی لە میوانخانەی رەشید رێکخست، لە کۆی 16 کەس، 7 کەسی فراکسیۆنی پارتی، تورکمانی و لیستی سیادە ئامادە نەبوون؛ ئەمەش ناڕەزایی ئەو لایەنانەی لێکەوتەوە و سکاڵایان تۆمارکرد. لە کۆبوونەوەکەدا رێبوار تەها بە پارێزگار و محەممەد حافز بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران.
 
یەکەم دانیشتنی دادگە لەبارەی سکاڵای تورکمانەکان لە 7ـی تشرینی یەکەم بەڕێوەچوو، دانیشتنی سوننەکان لە 14ـی هەمان مانگ و، پارتیش لە 16ـی ئۆکتۆبەری2024.

 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆبوونەوەی هاوپەیمانی دەوڵەت لە بەغدا.

هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لەبارەی دۆخی سووریا دەستپێشخەرییەک رادەگەیێنێت

هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت دڵنیایی دەداتە خەڵکی عێراق لەبارەی دۆخی ئەمنیی وڵاتەکە، هەروەها دەستپێشخەرییەکی عێراقییانەش رادەگەیێنێت بۆ ئەوەی وڵاتانی دراوسێی و پەیوەندیدار بە دۆخی سووریا "بەپەلە لە بەغدا کۆببنەوە."