رووداو دیجیتاڵ
چارەنووسی سێ پڕۆژەیاسای بەیەکەوە گرێدراو بەنادیاری لە پەرلەمانی عێراق ماوەتەوە. سەرۆکی فراکسیۆنێک باس لەوە دەکات، متمانە لەنێوان هەرسێ پێکهاتە سەرەکییەکە (کورد، عەرەب و تورکمان) نییە بۆ تێپەڕاندنیان. پەرلەمانتارێکی کوردیش دەڵێت: "رووداوەکانی سووریا کاریگەری لەسەر پەسندکردن و تێپەڕاندنی ئەو پڕۆژەیاسایانە هەیە."
لە دانیشتنی رۆژی دووشەممە، (02-12-2024)، دەنگدان لەسەر ئەو سێ پڕۆژەیاسایە لە بەرنامەی کاری پەرلەمان بوو، کە هەر یەکێکیان پێکهاتەکی سەرەکی داوای دەکات و پێداگرە لەسەری.
پرۆژەیاساکان بریتین لە:
یەکەم: هەمواری یاسای باری کەسی کە داواکاریی سەرەکیی شیعەیە.
دووەم: گەڕاندنەوەى ئەو خانوو و زەوییانە بۆ خاوەنەکانیان کە بە چەند بڕیارێکی ئەنجوومەنى سەرکردایەتیى شۆڕشى هەڵوەشاوە دەستیان بەسەردا گیراوە. زۆرینەی زەوییەکان، خاوەنە رەسەنەکانیان کورد و تورکمانن. ئەو دوو پێکهاتەیە پێداگرن لەسەر تێپەڕاندنی.
سێیەم: هەمواری دووەمی یاسای لێبووردنی گشتی کە داواکاریی سوننەکانە.
جەمال کۆچەر، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، رۆژی چوارشەممە، (04-12-2024) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دانیشتنەکەی رۆژی دووشەممە، زۆر بێسەروبەر بوو، دەنگ بە بڕگە و مادەکانی هەرسێ پڕۆژەکە دراوە، تەنیا دەنگدان بە هۆکارەکانیان ماوە، لەپڕ بووە کێشە و گرفت دانیشتنەکە تێکچوو و هەڵگیرا".
جەمال کۆچەر گوتی، "راستییەکەی ئەوەیە هەرسێ پێکهاتەکە (کورد، سوننە و شیعە) لە پڕۆژەیاسای یەکدی رازی نین و سەرنج و تێبینییان هەیە".
جەمال کۆچەر دەڵێت، "شیعەکان پڕۆژەیاسای لێبووردنی گشتییان قبووڵ نییە، سوننەکانیش هەمواری یاسای باری کەسی. هەروەها سوننەکانیش لەسەر پڕۆژەیاسای گەڕانەوەی موڵک و ماڵ بۆ خاوەنەکانیان رازی نین کە کورد و تورکمان داوای دەکەن."
بە گوتەی سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو، "بەگشتی سوننەکان پڕۆژەیاسای گەڕانەوەی موڵک و ماڵ بۆ خاوەنەکانیان رەتدەکەنەوە، لەگەڵ ئەوە بەشێکیان لەگەڵ ئەو پڕۆژەن کە لە حکومەتەوە رەوانە کراوە، نەک هەموارەکە، کە هەڵوەشانەوەی بڕیاری دیکەی بۆ زیادکراوە".
بڕیاربوو دوێنێ سێشەممە، پەرلەمانی عێراق کۆبێتەوە و دەنگ بە هەرسێ پڕۆژەیاساکە بدات، بەڵام جەمال کۆچەر دەڵێت، "بەشێک لە پەرلەمانتاران ئامادەبوون و زۆر چاوەڕێیان کرد سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەر نەهات، بۆیە ئەو پەرلەمانتارانە تووڕە بوون و چوونەوە."
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق دانیشتنی ئەمڕۆ چوارشەممەی بڵاوکردەوە، دەنگدان لەسەر ئەو سێ پرۆژەیاسایە لە بەرنامەی کاردا نییە.
چرۆ حەمەشەریف، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە (04-12-2024) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەرسێ پێکهاتە متمانەیان بە یەکدی نییە. لەکاتێکدا دەبێت هەرسێ پڕۆژەکە بەیەکەوە دەنگیان لەسەر بدرێت".
بەگوتەی پەرلەمانتارە، ئەو پەرەسەندنانەی کە ئێستا لە سووریا روودەدات کاریگەری بەسەر پەسندکردنی هەرسێ پڕۆژەیاساکەوە هەیە.
چرۆ حەمەشەریف پێیوایە، "لەم دۆخەی ئێستا، شیعەکان بە گشتی تێبینییان لەسەر پرۆژەیاسای لێبووردنی گشتی هەیە، لەگەڵ ئەوەنین بەم شێوەیە تێپەڕێت و هەموو کەس ئازاد بکرێت. ئەوەش کاریگەری لەسەر تەواوی پڕۆژەیاساکانی دیکە دروستکردووە، چونکە هەرسێکیان گرێدراوی یەکن".
شێخ وەسفی عاسی، نوێنەری عەرەبی سوننەی کەرکووک لە پەرلەمانی عێراق ئێوارەی دووشەممە، (02-12-2024)، لە تەلاری پەرلەمان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "ئەوانەی دەنگیان دا بە پڕۆژەیاسای گەڕانەوەی موڵک و ماڵ بۆ خاوەنەکانیان، لە 10 کەس زیاتر نەبوون، زۆر بە تووندی دژایەتی ئەو بابەتە کرا. ئەوەشی گرنگ و سەرەکییە هۆکاری دەرچوونی یاساکە دەنگی لەسەر نەدراوە".
شێخ وەسفی عاسی پێیوایە، "ئەو یاسایە فیتنەیەکی گەورەیە لەنێوان کورد و عەرەبی کەرکووک و رەنگە 'خوانە خواستە' شەڕی ناوخۆیی لێبکەوێتەوە".
پڕۆژەیاساى گەڕاندنەوەى ئەو خانوو و زەوییانە بۆ خاوەنەکانیان کە بە چەند بڕیارێکی ئەنجوومەنى سەرکردایەتیى شۆڕشى هەڵوەشاوە دەستیان بەسەردا گیراوە، خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کراوە و تەنیا دەنگدانی ماوە. کورد و تورکمان بەهیوای ئەوەن ئەمجارە دەنگ لەسەر پڕۆژەیاساکە بدرێت و ببێتە یاسا.
پڕۆژەکە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە رەوانەکراوە، کە لە 5 مادە پێکهاتووە و ئاماژە بە هەڵوەشاندنەوەی 8 بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی بەعس دەکات.
محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی کەرکووک، رۆژی 01-12-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بە پەسندکردنی هەڵوەشاندنەوەی ئەو 8 بڕیارە، نزیکەی 300 هەزار دۆنم زەوی لە پارێزگای کەرکووک بۆ خاوەکانیان دەگەڕێندرێنەوە. لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک بڕیاری دیکەی تایبەت بە زەوییەکانی کەرکووک لە پڕۆژەکەدا لەبیرکراون.
نوێنەری جووتیارانی کەرکووک روونیکردەوە، ئەو 8 بڕیارە، سێ بڕیاری سەرەکییان تێدایە، کە رووبەری زەوییەکانیان زۆرن. یەکەمیان بڕیاری ژمارە 369ـی 1975ـە، کە سنوورەکانی دووبز، تۆپزاوە، بەشێکی داقووق و لەیلان دەگرێتەوە، بەکۆی گشتیی 123 هەزار دۆنم زەوییە.
بڕیاری دووەمیان: ژمارە 824ـی ساڵی 1976ـە، زیاتر 9 گوندی ناوچەی داقووق دەگرێتەوە کە زەوی شێخەکانی تاڵەبانین و نزیکەی 38 هەزار دۆنم زەوییە. بڕیاری سێیەم: بڕیاری 949ـە کە 10 گوند لە سنووری سەرگەڕان و 2 گوند لە سنووری پردێ دەگرێتەوە، کۆی گشتیی ئەو بڕیارە 44 هەزار دۆنم زەوییە. ئەوانی دیکە رووبەری جیاواز دەگرێتەوە، کە بەشێکیان لەنێو کەرکووکن، زیاتر زەویی تورکمانن لە ناوچەی تسعین و بەشێکیان لە دەرووبەری کەرکووکن.
محەممەد ئەمین دەڵێت، وەک نوێنەری جووتیاران کۆمەڵێک بڕیاری دیکەیان گەیاندە لیژنەی پەیوەندیداری پەرلەمان، وەک بڕیاری ژمارە 12 کە تایبەتە بە گوندی گابەرەکە، لەو 8 بڕیارەی حکومەتدا نییە و لە هەموارکردنەکەی لیژنەی یاسایی لەگەڵ هەندێک بڕیار لە سنووری مەخموور زیادیان کرد، دوو بڕیار لە سنووری خانەقین و لەگەڵ هەندێک بڕیاری دیکە کە تایبەتن بە عەرەب لە ناوچەکانی دووجێل و بەلەد (سنووری پارێزگای سەلاحەدین) کە بە کۆی گشتییان بووەتە 20 بڕیار.
نوێنەرەکەی جووتیارانی کەرکووک جەختی لەوەکردەوە، ئەوەی تاوەکو ئێستا روون نییە، ئایا پڕۆژەیاسای حکومەت، یاخود هەموارەکەی نێو پەرلەمان دەنگی لەسەر دەدرێت؟ ئەو هیوادارە دەنگ بە هەموارەکە بدرێت، لەبەرئەوەی وەک باسی دەکات، زۆربەی زەوی و گوندەکانی دیکە و هەموو ئەو بڕیارانە دەگرێتەوە، کە کاتی خۆی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی بەعسی هەڵوەشاوە دیاریکردوون، لەگەڵ ئەو مادەیەی هەڵاوێردن بۆ زەوییەکان کراون، کە لە هەموارەکەدا روونتر ئاماژەی بۆ کراوە.
محەممەد ئەمین نەیشاردەوە، ترسیان هەیە هەندێک هەڵاوێردن کە لەنێو پرۆژەیاساکەدا هەیە، گرفتیان بۆ دروستبکات، وەک زەوی وەزارەتەکانی بەرگری، نەوت و دەستەی ناکۆکیی موڵکایەتی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ