دژەتیرۆری عێراق: ساڵی رابردوو 200 فەرماندەی داعش كوژراون

04-02-2021
سەمیع زوبێر
نیشانەکردن داعش
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی دەزگای دژە تیرۆری عێراق رایدەگەیێنێت، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەكانی دەزگای دژە تیرۆری عێراق دژی چەكدارانی داعش، ساڵی رابردوو 200 فەرماندەی داعش كوژراون.
 
سەباح نوعمان، گوتەبێژی دەزگای دژە تیرۆری عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ساڵی 2020 دەزگای دژە تیرۆری عێراق 300 ئۆپەراسیۆنی دژی چەكدارانی داعش ئەنجامدا و تێیاندا زیاتر لە 200 فەرماندەی باڵای داعش كوژران، هەروەها زیاتر لە 300 تیرۆریستیش دەستگیركران."
 
سەباح نوعمان گوتیشی، "زۆربەی ئۆپەراسیۆنەكانی دەزگای دژە تیرۆر دژی چەكدارانی داعش لە ناوچەكانی باشووری كەركووك، دیالە، زنجیرە چیاكانی مەكحول، دۆڵی زگیتون، دۆڵی شای، چیای حەمرین و ناوچەكانی چیای قەرەچووخ بوون".
 
بەگوتەی سەباح نوعمان، ئۆپەراسیۆنەكان كاریگەری زۆریان هەبووە لەسەر كەمكردنەوەی هەڕەشەكانی داعش، كە بەنیازبوون هێرش ئەنجامبدەن و دەڵێت، "بە مەبەستی گوشارخستنە سەر چەكدارانی داعش و رێگرتن لە ئەنجامدانی كردەوەی تیرۆریستی، دەزگای دژە تیرۆر لە ئۆپەراسیۆنەكانی بەردەوام دەبێت".
 
دوای دوو تەقینەوە خۆكوژییەكەی گۆڕەپانی تەیەران لە بەغدا، كە بەهۆیەوە 32 كەس كوژران و 110 كەسی دیكە برینداربوون، دەزگا ئەمنییەكانی عێراق ئۆپەراسیۆنەکانیان دژی چەكدارانی داعش چڕكردوەتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە