ئەندامێکی دەوڵەتی یاسا: پارتی کاریگەریی لەسەر واقیعی سیاسی لە عێراق هەیە

03-11-2022
مستەفا گۆران
مستەفا گۆران
گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا. وێنە: رووداو
گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو - بەغدا

زۆربەی لایەنە سیاسییەکانی عێراق، بەتایبەتی شیعەکان، بە گرنگییەوە لە کۆنگرەی 14ی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڕوانن، کە لە شاری دھۆک دەبەسترێت. دەوڵەتی یاسای نووری مالیکی رۆڵ و کاریگەریی پارتی پێش ساڵی 2003 و دوای ساڵی 2003 بەرز دەنرخێنن، داواش دەکەن پارتی یەکڕیزی و یەکگرتوویی عێراق بکەن بە بەرنامەی کۆنگرەکەیان.
 
وائیل روکابی، ئەندامی دەوڵەتی یاسا دەڵێت، "بێگومان پارتی دیموکراتی کوردستان یەکێکە لەو حیزبە نیشتمانییانەی مێژوویەکی دێرینی ھەیە لە پرۆسەی سیاسی لە عێراق، یەکێکە لەو حیزبانەی کە زۆر کەمن، شارەزایی سیاسیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتیان ھەیە، ھەروەھا کاریگەریشیان لەسەر واقیعی سیاسی لە عێراق و ھەرێمی کوردستانیش هەیە، دەمانەوێت ئەم حیزبە پارێزگاری لە یەکڕیزیی نیشتمانی بکات و رێز لە بەھا مرۆییەکان بگرێت لەڕێگەی پرەنسیپەکانی دیموکراتی، کە رۆڵەی ئەم حیزبە لە سەردەمێک، بەتایبەتی بەدەستیەوە دەیناڵاند و، تەواوی گەلی عێراقیش بەگشتی، دەمانەوێت ئەو حیزبە بەردەوام بێت لەسەر رێچکەی خودا لێخۆشبوو مەلا مستەفا بارزانی."
 
پەیوەندیی پارتی بە لایەنە سیاسییەکانی شیعە ناگەڕێتەوە بۆ حوکمڕانێتی دوای 2003، کە پارتی بەردەوام رەخنەی لێی هەیە، بەڵکو مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە لەئاست تەمەنی خۆیدایە لەنێو گۆڕەپانی سیاسیی عێراق و کوردستاندا. ھاوپەیمانیی نەسر بە سەرۆکایەتیی حەیدەر عەبادی لەسەر زاری گوتەبێژەکەیانەوە ئاشکرای دەکات، پەیوەندیی پارتی لە ئاستێکدایە نەک تەنها لە عێراق، بەڵکو لەسەر ئاستی جیهان رێزلێگیراوە و داوای بیرۆکەی تازەش لە پارتی دەکەن بۆ بەڕێوەبردنی وڵات.
 
حەسەن بەھادلی، گوتەبێژی ھاوپەیمانیی نەسر، "ئێمە دەزانین کە پارتی دیموکراتی کوردستان کاریگەریی گەورەی ھەیە لەسەر پرۆسەی سیاسی لە عێراق و ھەرێمی کوردستان، بەڵکو ئەوان یەکێکن لە دروستکراوی ئەم پرۆسە سیاسییە لە عێراق لەدوای ساڵی 2003، ھەروەھا شارەزاییەکی زۆریشیان ھەیە، بەتایبەت لە سەردەمی ئۆپۆزیسیۆنبوون، بڕوام وایە کەوا لەم کۆنگرەیە بیرۆکەی تازەیان دەبێت، ئەم حیزبە پەیوەندیی زۆرە لەنێو عێراق لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییش لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە و ھەرێمیش، ئەمەش زوڵملێکراویی کورد نیشاندەدات لە ماوەی ساڵانی پێش 2003، ئەمڕۆ ئێمە پەیوەندییەکی پتەومان لەگەڵ پارتی ھەیە، ھیوادارم پارتی بیرۆکەی تازە پێشکێش بکات بۆ بەرەوپێشچوونی پرۆسەی سیاسی."
 
لە 16ی ئابی ساڵی 1946 بە ئامادەبوونی نزیکەی 70 ئەندام، یەکەم کۆنگرەی پارتی دیموکراتی کوردستان بەسترا، پارتێک بە نهێنی لە بەغدا کۆنگرەی دامەزراندنی بەست، بەڵام ئێستا بۆ یەکلاییکردنەوەی ھاوکێشە سیاسییەکان لە عێراق رۆڵێکی گەورەی هەیە و لەنێو لایەنە کوردییەکاندا زۆرترین نوێنەری لە پەرلەمان هەیە و لە پەسندکردن و پەسندنەکردنی بڕیارەکاندا، دەنگێکی کاریگەرە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە